خەندان-
سعودیە ماوەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی تاوەکو کۆتایی مانگی (کانونی یەکەم/12) درێژکردەوە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی وزەی سعودیەش دەڵێت، "پێداچونەوە بە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە دەکرێت"، بەوەش نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 90.27 دۆلار.
ماوەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت درێژدەکرێتەوە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی وزەی سعودییە رایگەیاند، ماوەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت درێژدەکرێتەوە و تاوەکو کۆتایی مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانگانە پێداچونەوە و بە بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکرێت و بۆ ئەوەی دەرئەنجام بزانرێت و بڕیار بدرێت لە پێناو پاراستنی سەقامگیری بازاڕ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکرێتەوە باشترە یاخود نزم بکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕو، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵەسەوە ئەنجامدەدرێت لە پێناو پشتیوانی کردن لە هاوسەنگی و سەقامگیری بازاڕی نەوت.
لە مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵ رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپیک" بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ماوەی سێ مانگ دەرکرد.
پێشتریش ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاند، لەگەڵ ئۆپیک پڵەس لە بارەی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت گفتوگۆیان کردوە و بڕیارە ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە بخاتەرو.
دوای راگەیاندنی بڕیارەكەی سعودیە بۆ كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت، نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 90.27 دۆلار