سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ورده‌كاری ناردنی پاره‌ی موچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات

02:36 - 04/09/2023

20700جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، بڕی 500 ملیار دینار خەرج بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەش هاوشێوەی ژمارەکانی خشتەی یاسایی بودجەی عێراق نییە کە دەستنیشانکراوە، ده‌شڵێت، "ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی موچە جیابکاتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، کە لەخشتەی بودجەدا هاتوە".

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "لە دوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردراوه‌ کە بەشێوازی قەرز هەردو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید پێکەوە بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار خەرج بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەش هاوشێوەی ژمارەکانی خشتەی یاسایی بودجەی عێراق نییە کە دەستنیشانکراوە بۆ ساڵی 2023 تا 2025".

واچاوڕوان دەکرێت بڕی ترلیۆنێک دینار بۆ مانگەکانی 7 و 8 بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە عێراق موچەی مانگه‌كانی 7 و 8 خەرجکراوە، بۆیە واچاوڕوان دەکرێت بڕی ترلیۆنێک دینار بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی موچەی مانگی 9ش بەهەمان شێوی بڕی 500 ملیار دیناری تر بەشێوازی قەرز دەنێردرێت.
پێشنیاری هەرێم ئه‌وه‌بو كه‌ بابەتی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە بهێنرێتە دەرەوە
ئامانج رەحیم باسی له‌وه‌شكرد، لە دوای کۆبونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم و عێراقدا پێشنیاری هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌بو كه‌ بابەتی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە بهێنرێتە دەرەوە لە ڕێکەوتنەکە، چونکە لە عێراق سەڕەرای قەیرانەکان موچەی موچەخۆران لەوادەی خۆیدا دابەشکراوە، بۆیە داواکراوە موچە جیابکرێتەوە لە خەرجیەکانی تر.
ئەگەر سەیری خشتەی بودجە بکەین ژمارەکان زۆر باشن، 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ موچە
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەگەر سەیری خشتەی بودجە بکەین ژمارەکان زۆر باشن، 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ موچە، 9 تریلیۆن و 300 ملیار بۆ فەرمانبەران، هەروەها تریلیۆنێک و 200 ملیار دانراوە بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشین، هەروەها 228 ملیاریش بۆ موچەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری دانراوە. کەواتە کۆی گشتی دەکاتە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار".
ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی موچە جیا بکاتەوە 
رونیشیكرده‌وه‌، "ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی موچە جیا بکاتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، کە لەخشتەی بودجەدا هاتوە".
ژمارەی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە بە 658 هەزارو 189 فەرمانبەر
ئامانج رەحیم باسی له‌وه‌شكرد، "لەناو ئەو 10 تریلیۆن دینارە، ژمارەی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە بە 658 هەزارو 189 فەرمانبەر، بەڵام عیراق ئامادە نییە ئینفاقی فعلی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو ئینفاقی فعلی عێراق".
عێراق کێشەی سویلەی نیە چونکە ئەو سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتەی کە دیاریکراوە
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ده‌ڵێت، "عێراق ئێستا کێشەی سویلەی نیە چونکە ئەو سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتەی کە دیاریکراوە رۆژانە هەناردە بکرێت لەیاسای بودجەدا، 400 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستانە، بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار دانراوە، بەڵام لە 1ی 1ی 2023 تا 1ی 9ی 2023 نرخی بەرمیلێک نەوت 82 دۆلار بوە، واتا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کۆمپانیای سۆمۆ  12 دۆلار گرانتری فرۆشتوە".