نرخی نەوت به‌رزبوه‌وه‌؛ برێنت 88 دۆلاری تێپه‌ڕاند

09:25 - 04/09/2023

1510جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نرخی نەوت لە سەرەتای كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی ئاسیادا، ئەمڕۆ دوشەممە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بەهۆی بەهێزبونی هەستی بازاڕ بەهۆی داتای ئابوریی ئەرێنی چین و ئەمریکا، هەروەها چاوەڕوانییەکانی بەردەوامی کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوتی خاو لەلایەن بەرهەمهێنەرانی سەرەکییەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت 17 سەنت بەرزبوەوە، کە یەکسانە بە 0.2% و گەیشتە 88.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئه‌مریكا  25 سەنت بەرزبوەوە، کە یەکسانە بە نزیکەی 0.3% و گەیشتە 85.80 دۆلار.

بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخەکە دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردو هەردو گرێبەستەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیاندا لە ماوەی زیاتر لە نیو ساڵدا یەکلاییبونەوە و ڕێڕەوی دو هەفتەی دابه‌زینیان شکاند.

چالاکییەکانی بەرهەمهێنان لە چین لە مانگی رابردودا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فراوانتر بوە
لە لایەنی داواکارییەوە، چالاکییەکانی بەرهەمهێنان لە چین لە مانگی (ئاب8)دا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فراوانتر بوە، ئه‌وه‌ش به‌پێی داتاکانی راپرسییەکەی کۆمپانیای کایکسین مانۆفاکچەرینگ PMI، كه‌ بوەتەهۆی نوێبونەوەی گەشبینی سەبارەت بە ئابوریی گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا.
 زنجیرەیەک رێوشوێنی پشتیوانی ئابوری کە هەفتەی رابردو لەلایەن پەکینەوە ڕاگەیەندرا ئه‌رێنین
هەروەها زنجیرەیەک رێوشوێنی پشتیوانی ئابوری کە هەفتەی رابردو لەلایەن پەکینەوە ڕاگەیەندرا ئه‌رێنین، وەک کەمکردنەوەی رێژەی سودی دانەوێڵە لە هەندێک لە گەورەترین بانکە حکومییەکانی وڵاتەکە و سوککردنی یاساکانی قەرزکردن بۆ کڕیارانی خانوبەرە، كه‌ پشتگیری لە نرخەکان کرد.
 وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕێی هەنگاوی جەوهەریترن بۆ پشتگیریکردنی کەرتی خانوبەرەی وڵاتەکە کە گەمارۆدراوە
بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕێی هەنگاوی جەوهەریترن بۆ پشتگیریکردنی کەرتی خانوبەرەی وڵاتەکە کە گەمارۆدراوە، کە یەکێک بوە لە کێشە سەرەکییەکانی ئابوری چین لەوەتەی لە پەتای كۆرۆنا دەرچوە.

لە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریکا، داتاکانی دامەزراندن لە رۆژی هەینیدا زیاتربون لەوەی پێشبینی دەکرا، لە مانگی رابردودا 187 هەزار هەلی کار زیادی کردوە.

شرۆڤەکاران رایانگەیاندوە، خاوبونەوەی بەرفراوانتر لە بازاڕی کاری ئەمریکا وەک لە خاوبونەوەی گەشەی هەلی کاردا دەبینرێت، ئەگەری بەرزکردنەوەی ڕێژەی سودی لەلایەن یەدەگی فیدڕاڵی لە ئایندەیەکی نزیکدا کەمکردوەتەوە.
روسیا  لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ئۆپێک  سەبارەت بە  بەردەوامی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕێککەوتون
دوای ئەوەی ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا پێنجشەممەی رابردو  (31ی ئابی 2023) رایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) سەبارەت بە پێوەرەکانی بەردەوامی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕێککەوتون، چاوەڕوانییەکان بۆ کەمبونەوەی دابینکردنی نەوت زیادیان کردوە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ڕاگەیاندنێکی فەرمی کە وردەکارییەکانی کەمکردنەوەی پلان بۆ داڕێژراو بخاتەڕو.

روسیا پێشتر رایگەیاندوە، لە مانگی ئەیلولدا هەناردەی 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی (ئاب/8)دا 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردەوە، هەروەها بڕیارە سعودیە کەمکردنەوەی خۆبەخشانە بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تا مانگی تشرینی یەکەم درێژبکاتەوە.

نیشانەکردن

نەوت