خەندان-
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی كێشە حزبیەكانی خۆیان بە دیاری بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان هێناوە و بەرژەوەندی حیزبیان پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی خستوە و دەشڵێت، "خوێنی ئینسانی كورد لە كەركوك هەروا هەرزان نیە، ئەوانەی بەهێز كەركوكیان داگیركردوە و بە زەبری چەك حكوم دەكەن دەبێت بزانن ئەو چەك و هێزە هەر لەدەست ئەواندا نامێنێتەوە".
دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمیانەی یەكشەممە لەگەڵ هاوڕێیانم لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەشداریمانكرد لە پرسەی چوار شەهید، كە بەدەستڕێژی گوللـەی هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوك لە گەڕەكی ڕەحیماوا شەهید بون.
ئیرادەی كورد بە زەبری هێز و چەكی هێزە ئەمنییەكان ناشكێندرێت
راشیگەیاندوە، "ئیرادەی كورد بە زەبری هێز و چەكی هێزە ئەمنییەكان ناشكێندرێت، ناسنامەی كەركوك كوردستانیە، حكومەتی ئیتحادی و دەزگای ئەمنی پارێزگای كەركوك بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەكە و پاراستنی سەروگیانی هاوڵاتیان بێ جیاوازی".
جیاوازی دەكرێت لە چۆنیەتی مامەڵەی هێزە ئەمنیەكان لە نێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكە
دەشڵێت، "جیاوازی دەكرێت لە چۆنیەتی مامەڵەی هێزە ئەمنیەكان لە نێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكە، ستەمی زیاتر ڕوبەڕوی هاوڵاتیان كورد و گەڕەكە كوردنشینەكان دەبێتەوە، پێویستە ئەو كەسانەی لەناو هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردوە و چوار هاوڵاتی كوردیان شەهید و 15ی دیكەیان برینداركردوە؛ ڕوبەڕوی دادگا بكرێنەوە".
خوێنی ئینسانی كورد لە كەركوك هەروا هەرزان نیە
ئاماژەی بەوەشكردوە، "خوێنی ئینسانی كورد لە كەركوك هەروا هەرزان نیە، ئەوانەی بەهێز كەركوكیان داگیركردوە و بە زەبری چەك حكوم دەكەن دەبێت بزانن ئەو چەك و هێزە هەر لەدەست ئەواندا نامێنێتەوە".
پارتی و یەكێتی كێشە حیزبیەكانی خۆیان بە دیاری بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان هێناوە
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكراشیكردوە، "پارتی و یەكێتی كێشە حیزبیەكانی خۆیان بە دیاری بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان هێناوە و بەرژەوەندی حیزبیان پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی خستوە، لەبری ململانێی حیزبی هێشتا دەرفەت ماوە ئەو دو حزبە و هەمو لایەنەكان بەیەكەوە و لەچوارچێوەی ڕوانگەیەكی یەكگرتویی كوردستانی پارێزگاری لە ئێستا و داهاتوی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بكەن".