خهندان-
لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا چاودێرێکی ئاسایش دەردەکەوێت کە گوایە لە هەولێرەوە ستایشی سەدام حسێن دەکات و بە "پاڵەوان و شەهید" ناوی دەبات، وتەبێژی ئاسایشی هەولێرش ڕایگەیاند، بەدواداچون بۆ ناسنامەی کەسە دەکەن چونکە پێداهەڵدانی سەدام لە هەولێر قەدەغەیە و "کوفرە، قابیلی قبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردوە".
عەقید ئەردەڵان، وتەبێژی بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوه، "ستایشکردنی سەدام لە هەولێرەوە وەکو کوفر وایە، ئێمە بە دواداچون بۆ ناسنامەی ئەو کەسە دەکەین، بزانین ڕاستە لە هەولێرەوە قسەیکردوە، ئهگەر وابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
لە بەرنامەیەکی کەناڵی "العهد"ی عێراقی کە رۆژی چوارشەممەی رابردو (30ت ئابی 2023) پێشکەشکرا، یەکێک لە بەشداربوانی بەرنامەکە دەردەکەوێت بە ناوی ڕەبیع ئەل جەواری کە گوایە لە شاری هەولێرەوە وەکو چاودێری ئاسایش بەشدارە.
نەفرەتی خوا لە تۆ، پێڵاوی سەدام حسێن لە تۆ شەریفترە، نەفرەت مەکە لە سەدامی پاڵەوان
ستایشەکەی ئەو چاودێرە لە خولەکی 32ی بەرنامەکە دەستپێدەکات ئەوکاتەی میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بەناوی دکتۆر حەیدەر دەڵێت "نەفرەت لە سەدام حسێن و ئەوانەشی کە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیریان کردوە"م لەوکاتەدا ڕەبیع ئەل جەواری بەمە توڕە دەبێت و وەڵامدەداتەوەو دەڵێت، "نەفرەتی خوا لە تۆ، پێڵاوی سەدام حسێن لە تۆ شەریفترە، نەفرەت مەکە لە سەدامی پاڵەوان، سەدام شەهیدە".
بەداخەوە پارتی دیموکراتی ڕێگەدەدات لە هەولێرەوە بەم شێوەیە ستایشی سەدام بکرێت
لە کاتێکدا پێشکەشکاری بەرنامەکە هەوڵدەدات گرژییەکان رادەگرێت، ڕەبیع ئەل جەواری بەردەوام دەبێت لە ستایشکردنی سەرۆکی رژێمی بەعس و بەشداربوەکەی تریش دەڵێت، "بەداخەوە پارتی دیموکراتی ڕێگەدەدات لە هەولێرەوە بەم شێوەیە ستایشی سەدام بکرێت".
مەرج نییە ئەو کەسەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ستایشی سەدام حسێنی کردوە لە هەولێرەوە قسەی کردبێت
وتەبێژی ئاسایشی هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند، "مەرج نییە ئەو کەسەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ستایشی سەدام حسێنی کردوە لە هەولێرەوە قسەی کردبێت، ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ لەکەدارکردنی هەولێر".
قابیلی قەبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردوە
کەنعان خەیلانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "راگەیاندن هێندە فراوانبوە، کۆنترۆڵ ناکرێت، قابیلی قەبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردوە".
هەروەها وتیشی، "دەبێت دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بکەن، چونکە بەعس بە یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە و ستایشکردنی نایاسایی و نا ئەخلاقییە".
لەماوەی رابردودا چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی جیاواز بڵاوکراوەتەوە کە تێیاندا ستایشی سەدام دەکرێت.
لە مانگی 11ی ساڵی 2021 کافتریای پەرمى جیانۆ داخراو خاوەنەکەشی دەستگیرکرا
پێشتر لە مانگی 11ی ساڵی 2021 پارێزگاری هەولێر رایگەیاندبو، بڕیاریاندا بە داخستنی کافتریای پەرمى جیانۆ و دەستگیرکردنی خاوەنەکەی بەهۆی ئەوەی سرودی "زێڕە"ی تایبەت بە سەدام حسێنی لێدابوو.
لە بڕیارێکی هاوشێوەشدا، مانگی 7ی ساڵی ڕابردو راگەیاندنی پارێزگای هەولێر وتی، بە بڕیاری ئومێد خۆشناو، هۆتێل رۆزالین داخراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنی هۆتێلەکە دەستیپێکردوە بەهۆی ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەدام حسێن لەجیاتی لافیتەی بەخێرهێنانی میوانان لە هۆتێلەکە دانراوە.
چاودێران دەڵێن، "ئەم ڕوداوانە پێویستە بەرەنگارییان لێبکرێت، بەتایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە بریندارکردنی هەستی خێزان و کەسوکاری قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس".
هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان هەرێم بە پاڵپشتی بە عسییەکان تۆمەتبار دەکەن
عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، دەڵێت، "هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان هەرێم بە پاڵپشتی بە عسییەکان تۆمەتبار دەکەن، ئەگەر لە هەولێرەوە ستایشی سەدام حسێن بکرێت، ئەوا نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر ناوبانگی هەرێم دروست دەبێت".