خەندان-
شارەزایەكی بواری كەشناسی، پێشبینیەكانی بۆ مانگی (ئەیلول/9)ی بڵاوكردەوە و لە 10 رۆژی سەرەتای ئەو مانگەدا پلەكانی گەرما رو لەبەرزبونەوە دەكەن و پاشانیش بەچەند پلەیەك نزمدەبنەوە.
ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بەگشتی لە مانگی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ پلەكانی گەرما لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان نزیك تێكرایەكانی دەبێتەوە و لەناوچەكانی عێراق لەسەرو تێكرایەكانەوە دەبێت".
10 رۆژی سەرەتای مانگی (ئەیلول/9) بەگشتی پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
ئەوەشی رونكردۆتەوە، "10 رۆژی سەرەتای مانگی (ئەیلول/9) بەگشتی پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە، لەسبەینێشەوە لەسەرجەم ناوچەكان بەڕێژەی سێ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە، پلەی گەرما تا 10ی مانگ بەرێژەیەكی كەم، رۆژانە بەرز و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت".
لەدوای 10ی (ئەیلول/9)ەوە پلەكانی گەرما گۆڕانكاریا بەسەردادێت
باسی لەوەشكردوە، لەدوای 10ی (ئەیلول/9)ەوە پلەكانی گەرما گۆڕانكاریا بەسەردادێت و ئەگەری نزمبونەوەیان بەگشتی لەسەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێم هەیە.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشكردوە، لەمانگی داهاتودا سەبارەت بەبارانبارین بەگشتی حاڵەتی هاوشێوەی دو رۆژی ڕابردو ئەگەری دوبارەبونەوەی هەیە، بەتایبەت لەنێوان 10-14ی مانگ و كۆتایی مانگەكەدا.