ئەمریكا بە ڕەنگی ئەتۆمی پەیامێک بۆ ڕوسیا دەنێرێت

06:37 - 31/08/2023

9814جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بریتانی دەریدەخات، ئەمریكا جدییە لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕوسیا، دو فەوج لە فڕۆكە بۆمبهاوێژەكانی وڵاتەكەی كە توانای ئەتۆمییان هەیە لە بریتانیا جێگیر دەكات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی دیكەی جەنگی ساردی رۆژئاوا و روسیا.

ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاویكردۆتەوە، جێگیركردنی فڕۆكە بۆمبهاوێژە ئەمریكییەكان لە بریتانیا لە كۆتایی ئەمساڵدا نوێنەرایەتی شەڕێكی ساردی نوێی نێوان ڕۆژئاوا و ڕوسیا دەكەن، ئەو دو فەوجە ئەمریكییەش فڕۆكە جەنگییەكانی ئێف-35 لەخۆدەگرن كە پێشكەوتوترینن لە جیهاندا و لە بنكەی لاكنهیس لە ڕۆژهەڵاتی بریتانیا جێگیر دەكرێن.

بنكەی لاكنهیس سەر بە هێزی ئاسمانی شاهانەی بریتانیایە

هەرچەندە بنكەی لاكنهیس سەر بە هێزی ئاسمانی شاهانەی بریتانیایە، بەڵام لە ئێستادا بەكرێگیراوە لە هێزی ئاسمانی ئەمریكاوە.

فڕۆكەكانی ئێف -35 تا كۆتایی ئەمساڵ رەوانەی بریتانیا دەكرێن

ڕۆژنامەی تەلەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە ڕایگەیاندوە، فڕۆكەكانی ئێف -35 تا كۆتایی ئەمساڵ رەوانەی بریتانیا و بەتایبەتیش بنكەی لاكنهیس دەكرێن.

فڕۆكەكانی ناو دو فەوجە ئەمریكییەكە توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمی تاكتیكییان هەیە

فڕۆكەكانی ناو دو فەوجە ئەمریكییەكە توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمی تاكتیكییان هەیە، هەروەها توانای بەجێگەیاندنی ئەركەكانی ڕوبەڕوبونەوەی هێزەكانیان لە ئاسمان و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری هەیە.

پلانی جێگیركردنی 54 فڕۆكەی جەنگی ئێف- 35 لە بنكەكەدا هەیە

سەرچاوە سەربازیەكان بە ڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندوە، پلانی جێگیركردنی 54 فڕۆكەی جەنگی ئێف- 35 لە بنكەكەدا هەیە لە جیاتی فڕۆكەی جەنگی ئێف-15، كە دەتوانن چەكی ئەتۆمی هەڵبگرن بەڵام كەمتر پێشكەوتون.

سەرچاوەكان ڕایانگەیاندوە، نوێترین جۆری (F-35) توانای زیاتری هەیە و دورتر دەفڕێت بە شێوەیەك كە لەلایەن ڕادارەكانەوە دەستنیشان نەكرێت، ئەمەش گرنگە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت بۆ فڕێدانی بۆمبی ئەتۆمی بەكاریبهێنێت.

پێش ساڵی 2008 نزیكەی 110 فڕۆكەی بۆمبڕێژكەری ئەتۆمی ئەمریكی لە بنكەی لاكنهیس لە بریتانیا جێگیر كران، بەڵام لەگەڵ كاڵبونەوەی هەڕەشەی شەڕ، گەڕانەوە بۆ ئەمریكا.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا