خەندان زانیاری لەبارەی "ناردنی موچە بۆ هەرێم" بڵاودەكاتەوە

06:07 - 31/08/2023

27698جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لایەنە عێراقیەكان بەردەوام مەرجەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستان قورستر دەكەن و لەبارەی ناردنی موچەی مانگەكانی (تەمموز/7 و ئاب/8)ی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەڵێت، "ئامادە نین هاوشێوەی مانگەكانی رابردو پێشینەیەكیش بۆ موچەی مانگێكی فەرمانبەران بنێرن".

غەریب ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، حكومەتی عێراق نكۆڵی لەڕێكەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ناكات لەپێدانی مافی سەرجەم پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان، بەڵام پێشتر كێشەیان لە پاكتاوی دارایی داهاتەكانی هەرێم هەبو، ئێستاش لەسەر بابەتی نانەوتی و ناوخۆی هەرێم وەستاون".

شاندی حكومەتی هەرێم كە سەردانی بەغدای كردوە تێبینی لەسەر هەیە
وتیشی، "كێشەیەكی دیكەش هەیە كە ئەو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەی عێراق لە توركیای بردۆتەوە لەدادگای ناوبژیوانی پاریس لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، توركیا داوادەكات هەرێمی كوردستان قەرەبوەكە بدات و هەرێمیش ناچێتە ژێر باری ئەو بڕە پارەیەوە، هەروەها یەكێكی دیكەش لەخاڵەكان ئەوەیە شاندی حكومەتی هەرێم كە سەردانی بەغدای كردوە تێبینی لەسەر هەیە كە نەیتوانیوە گوزارشت لەتەواوی حكومەتی هەرێم بكات".
رۆژانە مەرجەكانی بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستان قورستر دەبن
لەبارەی ناردنی موچەی دو مانگ لە بەغداوە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، غەریب ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، "رۆژانە مەرجەكانی بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستان قورستر دەبن، لەساڵانی رابردو لەبەرامبەر رادەستكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم ئامادەی ناردنی 17%ی پشكی هەرێم بون، دواتر كردیانە 250 هەزار بەرمیل لەبەرامبەر ناردنی پشكی هەرێم، ئێستاش هاتونەتەسەر 12.67%ی بودجەی عێراق لەبەرامبەر رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل، بۆیە سیاسەتی بەغدا لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا ناهاوسەنگ بوە"
"هەڵوێست و پێگەی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا خەریكە جۆرێك لە بێ هێزی پێوە دیاربێت
ئەوەشی ئاشكراكرد، "هەڵوێست و پێگەی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا خەریكە جۆرێك لە بێ هێزی پێوە دیاربێت، سەرەڕای ئەو تێبینیانەی هەمانە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا لەچاوەڕوانی رەحمەتی حكومەتی عێراقداین و بەجۆرێكی دیكە تەماشای دۆسیەی مافەكانی هەرێم دەكەن، ئێستا ئامادە نین هاوشێوەی مانگەكانی رابردوش وەكو پێشینەیەك قەرز بۆ هەرێم بنێرن تا موچەی موچەخۆرانی پێ دابەشبكرێت".
ئەوان دەڵێن مافی هەرێم چەندە ئامادەن بیدەن
لەبارەی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ناردنی پشكی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، "ئەوان دەڵێن مافی هەرێم چەندە ئامادەن بیدەن بەڵام بەو رێكارانەی كە خۆیان دیاریانكردوە بۆئەوەی سەرجەم رێكارەكان تەواو بكەن و ئەمەش كاتی زۆری دەوێت، دیاریكردنی وادەیەكیش بۆ ناردنی موچە هیچ بنەمایەكی نیە".