خەندان-
ئاراس محەمەد ئاغا، ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی نەینەوا، رایگەیاند، دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی کوردستان گۆرانکاری گەورەیان بەسەردا دێت، دەشڵێت، "بافڵ تاڵەبانی بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە کە دەتوانێت ڕۆح بۆ هەمو جومگە شکاوە لە کارکەوتوەکان بگەڕێنێتەوە".
ئاراس محەمەد ئاغا لە نوسینێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لەبارەی دۆخی یەکێتی رایگەیاندوە، "بەروانگەیەکی گەشبینیەوە ناوەندە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی بە پەرۆشن بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی کە لە 27ی ئەیلولدا بەڕێوەدەچێت، بۆ زیندوکردنەوەی ڕۆحی ژیانی حزبی لەنێو دامەزراوە و فەرمانگە حزبیەکەدا، جگە لە چالاککردنی رۆڵی حکومەت لەڕێگەی نوێنەرانی حزبەوە دوای بەرهەمهێنانی خوێنێکی نوێ کە لەم گۆنگرەیە بەرهەم دێت، بەتایبەتی دوای ئەو هەڵبەزین و دابەزینەی کە حکومەتی ئێستای کوردستان تێیدا کەوتوە، لەنێویاندا پەیوەندی خراپی راپەڕاندنی ئەرکەکانی تایبەتە بە دەستەبەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا و دوانەخستنی".
یەکێتی ناگەڕێتەوە بۆ رێڕەوە رەسەنی خۆی مەگەر بە بەستنی پێنجەمین کۆنگرە نەبێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، زیاتر لە دو ساڵە "بافڵ جەلال تاڵەبانی هەوڵی گەڕاندنەوەی حزبەکە دەدات بۆ ئەو رێڕەوە رەسەنەی کە لەسەری دامەزراوە، کە خزمەتکردنی دۆزی کوردە لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە رونادات مەگەر لە رێگەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییەوە نەبێت بۆ رێکخستنەوەی کێشە چەقبەستوەکان، جا چ لەسەر ئاستی حزبایەتی لەناو دامەزراوە حزبییەکانمان و فەرمانگەکان، یان سەبارەت بە پەیوەندییە ناوخۆییەکان لە کوردستان و عێراق و پەیوەندییە دەرەکییەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان".
بافڵ تاڵەبانی بەرنامەیەکی هەیە کە دەتوانێت ڕۆح بۆ هەمو جومگە شکاوە لە کارکەوتوەکان بگەڕێنێتەوە
ئاراس محەمەد ئاغا دەڵێت، "دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی کوردستان گۆرانکاری گەورەی بەسەردا دێت، چونکە بافڵ تاڵەبانی بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە کە دەتوانێت ڕۆح بۆ هەمو جومگە شکاوە لە کارکەوتوەکان بگەڕێنێتەوە، کەلە ڕێگەیەوە سەرجەم ئەو بەشە ئیفلیجانەی لە جەستەی دۆزی کورددا هەیە زیندو دەکاتەوە کە بەهۆی قەیرانی ئابوری و سیاسی توشی هاتوە".
لە ڕێگەی بەرنامەکەیەوە و بە ڕاوێژ لەگەڵ ڕوخساری نوێ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شکۆیە
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، "لە ڕێگەی بەرنامەکەیەوە و بە ڕاوێژ لەگەڵ ڕوخساری نوێ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شکۆیەی کە بە سەرۆکی کۆچکردو مام جەلالەوە بەسترابوەوە بۆ گۆرەپانی سیاسی و دوبارە کاری لەسەر دەکات لەنێو ناوەندە گشتیەکاندا، بۆ ئەوەی بۆ هەموان بیسەلمێنێت بە پێچەوانەی ئەوەی دەوترێت، یەکێتی تاکەچارەسەرە بۆ هەمو پرسە چارەنوسسازەکانی عێراق و کوردستان".
20ی ئەم مانگە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک کۆبوەوە و بڕیاریدا کە رۆژی 27ی مانگی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت، یەکشەممەی رابردو کۆبونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکە لە هەولێر بەڕێوەچو ئامادەکاریەکان لەوبارەیەوە دەستیپێکرد.