خەندان-
سەرۆكایەتی فڕەنسا (ئیلیزێ) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكانی سوپای فڕەنسا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر بۆ پشتیوانی لە سوپای عێراق كوژراوە.
كۆشكی ئیلیزێ لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، "ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، دوێنێ دوشەممە لە عێراق كوژرانی نیکۆلاس مازیری ئەفسەری سوپای فڕەنسای پێگەیشت، كە لە لە ئۆپەراسیۆنێكی دژە تیرۆردا كۆتایی بەژیانی هات".
لەئەنجامی شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزەكانی دژە تیرۆر سەربازێكی فڕەنسا كوژرا
درەنگانێكی شەوی رابردو، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، "لەئەنجامی شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزەكانی دژە تیرۆر بەیارمەتی هاوپەیمانان لەگەڵ ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش لە سنوری رۆژهەڵاتی شاری تكریت سەربازێكی فڕەنسا كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون".
ئێوارەی دوێنێ هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر حەشارگەیەكی داعش لە ناوچەی عەیسی رۆژهەڵاتی تكریت ئەنجامدرا
بەوتەی هەمان سەرچاوە، ئێوارەی دوێنێ هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر حەشارگەیەكی داعش لە ناوچەی عەیسی رۆژهەڵاتی تكریت ئەنجامدرا، دوای هێرشەكەش، هێزەكانی دەزگای دژە تیرۆر لەگەڵ هێزەكانی فڕەنسا و ئیسپانیا لەڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە دابەزینیان بۆ شوێنی بۆردومانەكە ئەنجامدا.