خەندان-
دادوەر تانیا شاتكین دادوەری دادگای فیدڕاڵی لە واشنتن ڕایگەیاند، دادگاییكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی لە واشنتن بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی 2020 لە رۆژی 4ی (ئازار/3)ی 2024 دەستپێدەكات.
دادوەر ئەم وادەیەی لە میانی دانیشتنێكدا دیاریكرد كە لەو دانیشتنەدا جاك سمیس داواكاری گشتی تایبەت داوایكرد، ترەمپ لە رۆژی 2ی (كانونی دوەم/1)ی 2024 دەستپێبكات، بەڵام دادوەر بەبیانوی ئەوەی ئەو ماوەیە زوە و هاوكات لەگەڵ پێشنیازێكی دیكە كە داواكرابو لە مانگی (نیسان/4)ی 2026 ترەمپ دادگایی بكرێت، بۆیە دادوەر بڕیاریدا لە مانگی (نیسان/4)ی دانیشتنی دادگا تایبەت بەدۆسیەكانی تۆمەتباركردنی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بەڕێوەبچێت.
داواكاری گشتی ئەمریكا داوایكردوە دادگاییكردنی ترەمپ لەو دۆسیەیەدا دەستپێبكات كە تێیدا تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی
داواكاری گشتی ئەمریكا داوایكردوە دادگاییكردنی ترەمپ لەو دۆسیەیەدا دەستپێبكات كە تێیدا تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020.
ترەمپ لە سێ دۆسیەی دیكەدا ڕوبەڕوی تۆمەت دەبێتەوە
ترەمپ لە سێ دۆسیەی دیكەدا ڕوبەڕوی تۆمەت دەبێتەوە كە پەیوەندییان بە پێشێلكردنی یاساكانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، بەو پێیەی بڕە پارەیەكی داوە بەو خانمە ئەكتەرە پۆرنە لە بەرامبەر بێدەنگبونی سەبارەت بە پەیوەندییەكەی لەگەڵیدا، هەروەها ترەمپ بەڵگەنامە نهێنییەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای لە شوێنی نیشتەجێبونی هاوینەی خۆی لە ویلایەتی فلۆریدا شاردۆتەوە، بەشداریشی كردوە لە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020ی جۆرجیا كە پێشتر تۆمەتبار كرابو.
ئەگەر ترەمپ لەو دۆسیەیەدا سزا بدرێت، ئەوا زۆرترین سزای 20 ساڵ زیندانی دەكرێت
دادگای ویلایەتی جۆرجیا، ترەمپ و 18 یاریدەدەری دیكەی بە پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2020 تۆمەتبار كردبو، ئەگەر ترەمپ لەو دۆسیەیەدا سزا بدرێت، ئەوا زۆرترین سزای 20 ساڵ زیندانی دەكرێت.
سەرۆكی پێشوی ئەمریكا خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی جێبەجێكردنی یاسا لە شاری فولتن كاونتی لە ئەتلەنتا لە ئەمریكا كردوە و لەوێ بۆ ماوەیەكی كورت دەستگیركراوە، لەو ماوەیەدا بۆ پێوانەكردن پیشانی دەدرێت و وێنەیەكی تاوانكاری گیراوە.
ترەمپ مێژویەكی تۆماركرد بەوەی یەكەم سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بو كە وێنەیەكی تاوانكاری بگیرێت، دوای ئەوەی تۆمەتباركرا بە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020ی لە جۆرجیا.
لە دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020، ترەمپ چەندینجار بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەڵبژاردنەكان بەهۆی ساختەكارییەكی بەربڵاوەوە تێكچوە.