یەکگرتو: نیگەرانی خۆمان لە سەر دواکەوتنى بودجە و موچە دوپاتدەکەینەوە

03:19 - 28/08/2023

2160جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان خەمی جددی بژێوی هاوڵاتیان و کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو و سوتەمەنی وخزمەتگوزاریەکانی تر بخوات، دەشڵێت، نیگەرانی خۆی دوپاتکردەوە لە سەر دواکەوتنى بودجە و موچە کە دەبێت حکومەتی فیدڕاڵی پابەندیەکانی بەپێی یاسای بودجە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات.

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەدوای کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممەی باسی لەوەکردوە، کۆبونەوەکە بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین ئەهائەدین بەڕێوەچوە و لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا تیشکی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆی حزب و رایگەیاند، "سوپاس بۆ خودا کە کار و چالاکیەکان بەشێوەیەکی تۆکمە و لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ئەم خولە بەرێوەدەچێت و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، لەو روانگەوە بەرێزیان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئەنجومەن و دامەزراوە ودەزگا و مەڵبەندەکان کرد". 

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتو نیگەرانی خۆی دوپاتکردەوە لە سەر دواکەوتنى بودجە و موچە
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە تیشکخرایە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و گۆرانکاری و پێشهاتەکان تاوتوێکران، ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتو نیگەرانی خۆی دوپاتکردەوە لە سەر دواکەوتنى بودجە و موچە کە دەبێ حکومەتی فیدڕاڵی پابەندیەکانی بەپێی یاسای بودجە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات.
دەسەڵات لە هەرێم خەمی جددی بژێوی هاوڵاتیان و کەمی خزمەتگوزاریەکان بخوات
ئەوەش هاتوە، جەختکرایەوە لەوەی "دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان خەمی جددی بژێوی هاوڵاتیان و کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو و سوتەمەنی وخزمەتگوزاریەکانی تر بخوات، بۆ ئازادییە گشتییەکان بەتایبەت ئازادی رۆژنامەگەری، ئەنجومەنی جێبەجێکردن بە پێویستی زانی کە دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەکان رێگری بکەن لە پێشێلکاریەکان لەوبارەیەوە".   

ئەوەش خراوەتەڕو، هەر لەکۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە هەرچی زوترە کۆتایی بهێندرێت بە ناکۆکیە ناوخۆییەکان کە بوەتە خاڵی لاوازی هەرێم و نێوماڵی کوردستانی رێکبخرێتەوە و پەلەش بکرێت لە ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد.

نیشانەکردن

یەکێتی