خەندان-
وەزارەتی بەرگری سوریا ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، دەستدرێژی ئاسمانی ئیسرائیل کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، بوەهۆی راگرتنی خزمەتگوزاریەکان لەو فڕۆکەخانەیە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندوە، نزیکەی کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، "دوژمنی ئیسرائیل لە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاستەوە، لە ڕۆژئاوای لازقییە، دەستدرێژییەکی ئاسمانی ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج".
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکە زیانی ماددییان بە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە گەیاندوە
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکە زیانی ماددییان بە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە گەیاندوە و لە خزمەتگوزاری وەستاوە.
ئەوە یەکەمجار نییە کە هێرشەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بکاتە ئامانج
ئەوە یەکەمجار نییە کە هێرشەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بکاتە ئامانج، لە دوی مانگی (ئایار/5)ی رابردودا ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
پێشتریش بۆردومانەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و ژمارەیەک خاڵی دەوروبەری حەلەبی کردە ئامانج
پێشتر میدیای فەرمی سوریا باسی لەوەکردبو، بۆردومانەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و ژمارەیەک خاڵی دەوروبەری حەلەبی کردە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەو دەستدرێژییە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەربازێک و برینداربونی 7 کەس، لەنێویاندا دو هاوڵاتی مەدەنی و هەندێک زیانی ماددیش ڕویداوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب کارەکانی راگرتوە".