هەرێم و بەغدا لیژنەیەک سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز پێکدەهێنن

04:11 - 27/08/2023

1323جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فیراس مەسلەماوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، حکومەتی بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز پێکدەهێنرێت، هاوکات چاوەڕوانی وادەی پەسەندکردنی یاساکە دەکات.

فیراس مەسلەماوی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) رایگەیاند، "لیژنەیەک لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ و ستافی دیاری وەزارەتی نەوت پێکهێنراوە لەگەڵ بەشداریکردنی ئەندامانی دیکەی سەر بە پارێزگارەکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک بەسرە، زیقار، میسان و کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشکرد. ئەرکی لیژنەکە پەرەپێدانی رەشنوسی یاسای نەوت و غاز و پێشکەشکردنییەتی بۆ حکومەت و پەرلەمان.

خواست و  ئیرادەیەکی راستەقینە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە بەمەبەستی دەرچواندنی یاساکە
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "خواست و  ئیرادەیەکی راستەقینە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە بەمەبەستی دەرچواندنی یاساکە"، وتیشی، "بودجەی ئەمساڵ زیادکردنی دو ماددە بۆ یاساکە لەخۆدەگرێت، کە رێکخستنی هەناردەکردنی نەوتە بەپێی مەرجەکانی هەناردەکردن".
نەوتی عێراق یەکە و دابەشناکرێت
فیراس مەسلەماوی باس لەوەشدەکات، "نەوتی عێراق یەک بەشە و دابەشناکرێت، هەروەک هەوڵێک لە ئارادایە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان بۆ خەڵکی گشتی و گەلی عێراقی، چ لە هەرێمی کوردستان یان ناوەند و باشوردا بێت". 
بارودۆخەکە گونجاوە بۆ پەسەندکردنی یاساکە و هیواخوازین لە خولی یاسادانانی ئێستادا پڕۆژەکە تەواو بێت
ئەوەشی خستەڕو، "بارودۆخەکە گونجاوە بۆ پەسەندکردنی یاساکە و هیواخوازین لە خولی یاسادانانی ئێستادا پڕۆژەکە تەواو بێت و بگاتە پەرلەمان و پێشبینیش دەکەین لە خولی یاسادانانی داهاتودا یاساکە پەسەند بکرێت،کە دەکاتە دوای نزیکەی چوار مانگ".

نیشانەکردن

نەوت غاز