خەندان-
وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند، مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا کە ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن.
تەلار لەتیف، وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی بەمیدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، "لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی لەهەولێر بڕیاردرا ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و لەکۆبونەوەکەدا پەسندکرا، هاوکات هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن".
لیژنەکان میکانیزمی بەشداریکردنی ئەندامانی کۆنگرە بۆ مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی دیاریدەکات
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکان میکانیزمی بەشداریکردنی ئەندامانی کۆنگرە بۆ مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی دیاریدەکات و دواتر مەکتەبی سیاسی پەسندی دەکات، هاوکات هەفتەی داهاتو تەواوی وردەکارییەکانی کۆنگرە پەسەند دەکرێن.
بەپێی پەیڕەوی هەموارکراو دەسەڵاتی پەسندکردن دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی لەلای مەکتەبی سیاسی دەبێت
تەلار لەتیف وتیشی، "بەپێی پەیڕەوی هەموارکراو دەسەڵاتی پەسندکردن دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی لەلای مەکتەبی سیاسی دەبێت".
20ی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبوەوە و تییدا بڕیاردرا 27ی مانگی (ئەیلول/9) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.