خەندان-
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر کۆدەبێتەوە و ئامادەکاریەکان بۆ کۆنگرە دەستپێدەکات کە بڕیارە 27ی مانگی داهاتو بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەولێر کۆدەبێتەوە و باس لە دۆخی ناوخۆی حزبەکە و لەسەروی هەمویانەوە کۆنگرە دەکرێت کە بڕیارە 27ی مانگی ئایندە بەڕێوەبچێت.
بڕیاردراوە رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت
20ی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک کۆبوەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆبونەوەکە، بڕیاردرا رۆژی 27ی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەش نابێت لە هەزار ئەندام تێپەڕێت
بەپێی مادەی 14ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە و هەر چوار ساڵێک دەبەسترێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەش نابێت لە هەزار ئەندام تێپەڕێت، جگە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگەکانی ساڵی 1976 و ئەندامانی سەرکردایەتی، کە لە 124 کەس پێکدێن و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پێشو، جگە لەوانەی بە هەڵبژاردن لە مەڵبەند و دەزگا و مەکتەب و ئۆرگانەکانی دیکەوە دێن، دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
بڕیاردرا کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە یەک شوێن نەکرێن
پێشتر ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندبو، "لە کۆبونەوەی 20ی ئەم مانگەدا بڕیاردرا کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە یەک شوێن نەکرێن بەڵکو کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەفتەی داهاتومان لە هەولێر دەبێت".