شارەزایەكی كەشناسی: 29ی ئەم مانگە ئەگەری ھەورە بروسكە و تاوە باران لە هەولێر و دهۆك هەیە

09:02 - 26/08/2023

2643جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بارستە هەوایەكی سارد ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبونی ھەورە بروسكە و تاوە بارانیش لە دهۆك و هەولێر هەیە.

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، "بەھۆی كاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی رویكردۆتە رۆژئاوای ناوچەكە، ماوەی دو رۆژە پلەكانی گەرما بەراورد بە ھەفتەی ڕابردو روی لەنزمبونەوە كردوە، بۆ سبەینێ و رۆژی دوشەممەش تا رادەیەك پلەكانی گەرما جێگیر دەبن و گۆرانكاریە بەرچاوەكە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دەبێت بەھۆی گەیشتنی سەنتەری بارستە ھەواكە بۆ سەر ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان، پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو لەو دو رۆژەدا نزمدەبنەوە و گۆڕانكاری بەسەر كەشی ناوچەكەدا دەهێنێت".

رۆژی سێشەممە 29ی (ئاب/8) ساتی هاتنی بارستە ھەوا ساردەكەیە

ئەوەشی رونكردۆتەوە، "رۆژی سێشەممە 29ی (ئاب/8) ساتی هاتنی بارستە ھەوا ساردەكەیە و دەبێتە ھۆی چالاكبونی با لە رۆژئاوا و باشوری رۆژئاواوە بەخێرای 15-35 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، بۆیە ئەگەری ھاتنی تۆز و خۆڵ بەرێژەی كەم بۆ مامناوەند لە ئارادا دەبێت بۆ سەر زۆربەی ناوچەكان لەگەڵ دروستبونی پەڵە ھەور و لەناوچەكانی باكوری كوردستان و ناوچەی ھاوسنوریان لەگەڵ سوریا كە ئەگەری دروستبونی ھەورە بروسكە و تاوە بارانیان دەبێت".

رۆژی چوارشەممە 30ی (ئاب/8) پلەی گەرما بەنزمی دەمێنێتەوە

باسی لەوەشكردوە، "رۆژی چوارشەممە 30ی (ئاب/8) پلەی گەرما بەنزمی دەمێنێتەوە و ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ پەڵە ھەور و ھەندێك كات و ناوچە نیمچە ھەور دەبێت لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر ئەگەری دروستبونی ھەورە بروسكە و تاوە باران دەبێت".

ئەوەشی رونكردۆتەوە، "رۆژی پێنجشەممە 31ی (ئاب/8) كاریگەری ئەم بارستە ھەوایە لەسەر ناوچەكانمان كەمدەبێتەوە و پلەكانی گەرما بەرزبونەوە بەخۆیەوە دەبینن".

 بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو لەماوەی رۆژانی ناوەڕاستی 29 و 3ی (ئاب/8):

ھەولێر 36 پلە
سلێمانی 34 پلە
دھۆك 34 پلە
ھەڵەبجە 35 پلە
كەركوك 37 پلە 
گەرمیان 39-40 پلە
راپەرین 35 پلە 
سۆران 34 پلە 

نیشانەکردن

كه‌شناسی‌