خەندان-
بەرپرسانی ئەمریكا ڕایانگەیاند، ئیدارەی سەرۆك جۆو بایدن هەفتەی ڕابردو بە ئیسرائیلی ڕاگەیاندوە، دەبێت ئیمتیازات بە فەڵەستینییەكان بدات و سازشیان بۆ بكات، بۆئەوەی سەركەوتنی پڕۆژەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ سعودیە مسۆگەر بكات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاكسیۆس، ڕۆن دێرمەر وەزیری كاروباری ستراتیجی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردو سەردانی واشنتنی كرد بۆئەوەی لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوێژ سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوە لەگەڵ سعودیە ئەنجام بدات.
پرسی ئیمتیازاتی ئیسرائیلیان بە فەڵەستینییەكان لە چوارچێوەی هەر ڕێككەوتنێكی سعودیە خستۆتەبەردەم وەزیری كاروباری ستراتیجی ئیسرائیل
چوار بەرپرسی ئێستا و پێشوی ئەمریكا بە ماڵپەڕی ئاكسیۆسیان ڕاگەیاندوە، جەیك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پرسی ئیمتیازاتی ئیسرائیلیان بە فەڵەستینییەكان لە چوارچێوەی هەر ڕێككەوتنێكی سعودیە خستۆتەبەردەم وەزیری كاروباری ستراتیجی ئیسرائیل.
حكومەتی ئیسرائیل بە هەڵە خوێندنەوە بۆ دۆخەكە دەكات ئەگەر پێیوابێت ناچار نابێت ئەو جۆرە ئیمتیازانە بدات بە فەڵەستینیەكان و سازشیان بۆ بكات
دو بەرپرسی ئەمریكی دەڵێن، ئەنتۆنی بلینكن بە ڕۆن دێرمەر وتوە، "حكومەتی ئیسرائیل بە هەڵە خوێندنەوە بۆ دۆخەكە دەكات ئەگەر پێیوابێت ناچار نابێت ئەو جۆرە ئیمتیازانە بدات بە فەڵەستینیەكان و سازشیان بۆ بكات، چونكە سعودیە پێویستی بە سەلماندنی دەبێت بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی كە دەستكەوتی گرنگی لە ئیسرائیل بەدەستهێناوە سەبارەت بە فەڵەستینییەكان لە بەرامبەر قبوڵكردنی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوە".
جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانییەكی فراوانی لە دیموكراتەكانی كۆنگرێس دەوێت بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكە لەگەڵ سعودیە
جەیك سولیڤان بە بەرپرسە ئیسرائیلییەكەی ڕاگەیاندوە، جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانییەكی فراوانی لە دیموكراتەكانی كۆنگرێس دەوێت بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكە لەگەڵ سعودیە، "بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی جددی ئیسرائیل بەرەو فەڵەستینییەكان پێویست دەبێت".
ڕۆن دێرمەر لە وتوێژەكانی لەگەڵ بلینكن و سولیڤان سەبارەت بە پرسی ئیمتیازەكانی ئیسرائیل زۆر شتی وروژاندوە
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریكا و سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو بابەتە، ڕۆن دێرمەر لە وتوێژەكانی لەگەڵ بلینكن و سولیڤان سەبارەت بە پرسی ئیمتیازەكانی ئیسرائیل زۆر شتی وروژاندوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆن دێرمەر بە سولیڤانی ڕاگەیاندوە، "ئەو ئیمتیازەی كە ئیسرائیل دەتوانێت بیدات پەیوەندی بە ئامادەیی سعودیەوە هەیە بۆ وەرگرتنی بەرنامەیەكی ئەتۆمی مەدەنی لەلایەن ڕیازەوە".
لەلایەكی دیكەوە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندوە، ئیدارەی كۆشكی سپی هیچ لێدوانێك لەسەر دانوستانە دیپلۆماسییە تایبەتەكان نادات، لەكاتێكدا نوسینگەی ڕۆن دێرمەر و نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی داواكارییەكانی بۆ لێدوانیان نەدایەوە.
كاربەدەستانی سعودیە لە مێژە سوێندیان خواردوە پابەندی هەڵوێستی دەیان ساڵەی كۆمكاری عەرەبی بن، كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەستە بە چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی تایبەت بە فەڵەستینییەكان.