یەکگرتو: پەیوەندییەکی دور و درێژمان لەگەڵ ئاکەپە هەیە، بۆیە هاکان فیدان سەردانیکردین

11:36 - 25/08/2023

3374جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتو رایگەیاند، یەکگرتوی ئیسلامی و پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەندییەکی دور و درێژ لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نێوان حزبە کوردییەکاندا تەنها سەردانی ئەمیندار و مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی کرد، دەشڵێت، "وتمان کۆمەڵێک کێشە هەن و حەزەکەین چارەسەر بکرێن، تا هاوڵاتییان نەبنە قوربانی و زەرەرمەندنەبن".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی شاری هەولێری کرد و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، دوێنێ پێنجشەممە سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی کرد و پێکەوە کۆبونەوەیەکی یەک کاتژمێرییان ئەنجامدا.

 ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو، سەردەمی حزبی ڕەفا و نەجمەدین ئەربەکان
سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی و بەشداربوی کۆوونەوەکە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان پەیوەندییەکی دورو درێژمان هەیە، ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو، سەردەمی حزبی ڕەفا و نەجمەدین ئەربەکان".

یەکگرتوی ئیسلامی لە ساڵی 1994 دامەزراوەو سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمیندارییەتی، پارتی دادو گەشەپێدانیش کە لە ساڵی 2001 لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی ئێستای تورکیاوە دامەزرێنراوە، بەهەمانشێوە پارتێکی ئیسلامییە و ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لە تورکیا حزبی حوکمڕانە.
هەوڵمانداوە سود لە باشی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان وەربگرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد
سەڵاحەدین بابەکر، دەڵێت، "هەوڵمانداوە سود لە باشی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان وەربگرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، لە کۆبونەوەی نێوانمان هەمیشە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانمان بە ڕێگەی گفتووگۆ و دبلۆماسی کردوە".
کێشەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لەلاکەی تر کران کێشەکان دیارن
دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی و وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەڵاحەدین بابەکر، دەڵێت، "باسی کێشە کەڵەکە بوەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەلایەک، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لەلاکەی تر کران کێشەکان دیارن، داوامانکرد کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن، هاوڵاتییان زەرەرمەند نەبن".
داواشمانکرد پەلە بکرێت لە چارەسەر کردنی کێشەکان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوڕابو
ئەو وتیشی، "داواشمانکرد پەلە بکرێت لە چارەسەر کردنی کێشەکان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوڕابو، بەڵێ، باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێگەی دبلۆماسی و سیاسییە".

جگە لە هێرشی بەردەوامی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی 4ی ئەمساڵیشەوە تورکیا دەرگای گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەڕوی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە.

سەبارەت بەوەی تاچەند پرسی بۆردومانکردن و داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانییان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسکرد، سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی، ڕایگەیاند، "وتمان کۆمەڵێک کێشە هەن و حەزەکەین چارەسەر بکرێن، تا هاوڵاتییان نەبنە قوربانی و زەرەرمەندنەبن، ئەمینداری گشتی یەکگرتو وتی، پێویستە ئەو کێشانە بە ڕێگەی سیاسی و دبلۆماسی چارەسەر بکرێن و ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بەرچاو بگیرێت'".

بەپەلە