دەزگای میت دەڵێت "لە سلێمانی گەریلایەک کراوەتە ئامانج"، هەپەگەش رەتیدەکاتەوە

03:16 - 23/08/2023

1683جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لەشاری سلێمانی و لەقوڵایی 150 کیلۆمەتر لە سنوری عێراق، بەکر کینا کە ناوە نهێنییەکەی ''باوەڕ بۆتان''ە کراوەتە ئامانج، بەڵام هەپەگە ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "درۆیە"، ناوبراو لە شەشی ئەم مانگەدا لەگەڵ ڕێزان بۆتان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبون.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ئەمڕۆ چوارشەممە لەزاری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) باسی لەوەکردوە، "بەکر کینا کە ناوە نهێنییەکەی 'باوەڕ بۆتان'ە لە سلێمانی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە، کە مەشقی پێکراوە بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی سوپای تورکیا، ئاسایش و میت، لەسەر چەکی کورت و دورمەودا و ویستراوە ڕەوانەی تورکیا بکرێت".

"ئەو هەواڵانە درۆن و تورکیا دەیەوێت شەڕی دەرونی بکات، ئەو گەریلایەمان لە سلێمانی شەهید نەبوە
خەندان بەدواداچونی بۆ راستی هەواڵەکە کرد و ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەو هەواڵانە درۆن و تورکیا دەیەوێت شەڕی دەرونی بکات، بەهیچ جۆرێک ئەو گەریلایەمان لە سلێمانی شەهید نەبوە، ئەو هەڤاڵەمان لە شاخ شەهیدبوە و 13 رۆژ پێش ئێستا شەهیدبونیمان راگەیاندوە".
لە 6ی ئەم مانگەدا لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبون
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پێشوی هەپەگە کە 10ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، "لە 6ی ئەم مانگەدا لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕێزان بۆتان و باوەڕ بۆتان شەهیدبون".

نیشانەکردن

تورکیا هەپەگە