خەندان-
سوپای ئوردن ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كە لە خاكی سوریاوە بەرەو خاكی ئوردن هاتوە و ماددەی هۆشبەری هەڵگرتوە، لەلایەن هێزەكانیانەوە خراوەتەخوارەوە و تێكشكێندراوە.
سەرچاوەیەكی فەرمی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئوردن ڕایگەیاند، ناوچەی سەربازیی باكور ئەمڕۆ، لەسەر یەكێك لە ناوچەكان، هەوڵێكی بۆ بەقاچاخبردنی بڕێك مادەی هۆشبەر كە لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە باركرابو پوچەڵكردۆتەوە كە لە خاكی سوریاوە بۆ خاكی ئوردن هاتبو .
لەڕێگەی چاودێری و بەدواداچونەوە، فڕۆكەكە كۆنتڕۆڵ كراوە
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕێگەی چاودێری و بەدواداچونەوە، فڕۆكەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و خراوەتە خوارەوە، هەروەها دەركەوتوە كە بڕێك ماددەی كریستاڵی هەڵگرتوە، هەروەها ئەو كەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراونەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
هێزە چەكدارەكانی ئوردن لەچاودێری هەر كەس و تەنێكدا وەستاون
جەختیشی لەوەكردەوە، هێزە چەكدارەكانی ئوردن هەمیشە لەچاودێری هەر كەس و تەنێكدا وەستاون كە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمان و هاوڵاتیان بدات.
سوریا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی لە ناوچەی سنوری لەگەڵ ئوردن لە باشوری پارێزگای دارا دەستیپێكردوە
پێشتریش، سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا ئاشكرایكردبو، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە ناوچەی سنوری لەگەڵ ئوردن لە باشوری پارێزگای دارا دەستیپێكردوە، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێك لە یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی سوریا و ئوردن كە لە عەممانی پایتەخت بەڕێوەچو، سەبارەت بە هاوكاری نێوان هەردو وڵات لە بەرەنگاربونەوەی دەستبەسەرداگرتنی بازرگانان و رێگریكردن لە ماددە هۆشبەرەكان و قاچاخچییەكان لە سنورەكانی هەردو وڵات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكەی هەردو وڵات، بە سەرپەرشتی لایەنی ئوردنی و لەلایەن یوسف حەنیتی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای ئوردن و ئەحمەد حوسنی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری، لایەنی سوریش عەلی مەحمود عەباس جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگری، لەگەڵ حسام وەقا بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری ئەنجامدراوە.