خەندان-
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێران، کە مەرجی ئازادکردنی ملیارەها دۆلاری بلۆککراوی ئێرانی تێدایە، لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان هەردو وڵاتدا.
لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی نەتانیاهۆ بڵاویکردوەتەوە، تێیدا هاتوە، "هەڵوێستی ئیسرائیل بەباشی ناسراوە، هەروەها ئەو ڕێکخستنانەی کە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران هەڵنەوەشێننەوە و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕاناگرن و پارە بۆ تاران دابین دەکەن، دەچنە خزمەت تیرۆریزم کە ئێران سپۆنسەری دەکات".
سەرجەم ئەو سەروەت و سامانە داراییانەی ئێران کە لە کۆریای باشور دەستی بەسەردا گیراوە، ئازادکراون
دوێنێ شەممە ئێران رایگەیاندبو، کە سەرجەم ئەو سەروەت و سامانە داراییانەی ئێران کە لە کۆریای باشور دەستی بەسەردا گیراوە، ئازادکراون، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا.
بەمزوانە هەمو پارەکان بە یۆرۆ دەخرێنە شەش هەژماری بانکی ئێرانی لە قەتەر
محەمەد ڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاند، بەمزوانە هەمو پارەکان بە یۆرۆ دەخرێنە شەش هەژماری بانکی ئێرانی لە قەتەر.
لەماوەی داهاتودا تاران دەگاتە بەشێکی دیکەی سندوقە بلۆککراوەکانی لە هەندێک وڵات
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی داهاتودا تاران دەگاتە بەشێکی دیکەی سندوقە بلۆککراوەکانی لە هەندێک وڵات، ئەم بابەتەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران دەبێت و ئەو پارە ئازادکراوە بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە بەکاردەهێنرێت کە سزایان لەسەر نییە.
دیپلۆماتکارانی ئێران، ئەمریکا و 5 وڵاتی دیکە لە دانوستاندان
دیپلۆماتکارانی ئێران، ئەمریکا و 5 وڵاتی دیکە لە دانوستاندان بۆ ڕێککەوتنێک بۆ سەپاندنەوەی سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دوای کشانەوەی واشنتن لە ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئایاری 2018دا سەپاندی.
بەڵام دانوستانەکان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان و ئێران لە ساڵی 2015 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە مانگی ئابی 2022ەوە وەستاوە.