"رێککەوتنی ئاڵوگۆڕ"ی نێوان واشنتن و تاران، ترسی ئیسرائیل بەرزدەکاتەوە

09:36 - 11/08/2023

2614جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی و یەدیوت ئەهرۆنۆت-ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل دڵنیایە لەوەی کە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی ئێران و ئەمریکی بەشێکە لە "تێگەیشتنە بەرفراوانەکان".

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکە، بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئیسرائیل رایانگەیاندوە، "واشنتن و تاران لە ئێستاوە ڕێککەوتنێکی 'نافەرمی'یان هەیە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60% سنوردار دەکات، هەروەها ڕێگریش لەو میلیشیایانە دەکات کە لە سوریا و عێراق پاڵپشتییان دەکات هێرش بکەنە سەر سەربازە ئەمریکییەکان".

 ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پڕۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی لە کۆریای باشور دەستیپێکردوە 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پڕۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی لە کۆریای باشور دەستیپێکردوە و بەندکراوانی ئێرانی کە لە ئەمریکا دەستبەسەر کراون بەم نزیکانە ئازاد دەکرێن.
ئەو رێککەوتنە بەشێکە لەو لێکتێگەیشتنە فراوانانەی لە عەممان کراوە
لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری دو بەرپرسی باڵای دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیلەوە هاتوە، "ئەو رێککەوتنە بەشێکە لەو لێکتێگەیشتنە فراوانانەی لە عەممان کراوە و لە ئێستاوە جێبەجێ دەکرێت".
 رێککەوتنی زیندانییەکان هۆکارێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی واشنتن و تاران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردو وڵات
هێنری ڕۆم، بەرپرسی باڵای ئینستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی، رێککەوتنی زیندانییەکان هۆکارێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی واشنتن و تاران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردو وڵات.
 پێدەچێت ئامانجی بایدن ئەوە بێت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بدات
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئینستیتیوتی واشنتن، پێدەچێت ئامانجی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەوە بێت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بدات، بە نێوەندگیری ئەوروپی، بەڵام بە گوتەی ئەو مەرج نییە ئیدارەی بایدن وای لێبکات 2024 بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرنگییە سیاسییەی کە ئەم کەیسە ڕەنگە هەیبێ، ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێیان دەوێت.

بەگوێرەی وردەکاری ئەو ڕێککەوتنە کە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئێران 5 زیندانی ئەمریکی ئازاد بکات کە دەستبەسەرکراون لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی ئەمریکی لە ئێران، هەروەها ئازادکردن نزیکەی شەش یان حەوت ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران لە کۆریای باشور.

سەرەڕای ئەوەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تەنانەت دوای ئازادکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکاش، سزاکانی سەر ئێران سوک ناکات.