خەندان-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و بەگوێرەی خشتەی كاری كۆبونەوەكەش، گفتوگۆ لەبارەی دو بابەتەوە دەكرێت یەكەمیان ئەنجامی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆ دەبێتەوە.
ئەنجامی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەخرێتەڕو
لە تەوەرەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا تایبەت بە گەڵالەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەخرێتەڕو.
ڕەشنوسی پەیڕەوی (سندوقی چاودێری و شیاندنی كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان) دەخرێتەڕو
لە تەوەری دوەمی كۆبونەوەكەدا ڕەشنوسی پەیڕەوی (سندوقی چاودێری و شیاندنی كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان) لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011، دەخرێتەڕو.