خەندان-
ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت، هێزەكانی دەسەڵات نەخۆیان تیماری دەردی خۆیان دەكەن نەڕێگەش دەدەن كە تیماری دەردیان بكەین و دەسەڵاتداران وادەزانن تا ڕۆژی دوایی لەسەر كورسی دەسەڵات دەمێننەوە و دەشڵێت، " بۆ گۆڕانكاری جدی بەشداری چالاكانە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و بەدەیان كاندیدی شیاو و بەتوانامان ئامادە كردوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی یەكگرتوی ئیسلامی، ئەمڕۆ دوشەممە سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتو لەگەڵ ژمارەیەك لە كادرو ڕێكخستنەكانی مەڵبەندی یەكی سلێمانی كۆبۆوە و لەوتەیەكدا تیشكی خستەسەر ڕوداوی گەورەی كۆچ و سود وەرگرتن لەو ڕوداوە گرنگە بۆ پەروەردەكردنی نەوەكانی داهاتو، "چونكە نەوەی ئێستا پێویستی بە پەروەردەكردنێكی تەندروستە بەهۆی هەوڵی زۆر بۆ بەلاڕێدابردنیان، پێویستە موسڵمانان لە هەموكەس زیاتر لێبوردەبن و گەورەی لە لێبوردەییدایە نەك ڕوبەڕوبونەوە".
بۆ گۆڕانكاری جدی بەشداری چالاكانە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین
لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتو ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق و هەرێم و ناوچەكە كرد و ڕایگەیاند، "بۆ گۆڕانكاری جدی بەشداری چالاكانە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و بەدەیان كاندیدی شیاو و بەتوانامان ئامادە كردوە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، جێگای داخە لەسایەی حوكم و حوكمڕانی هەڵەی 30 ساڵی ڕابردو ئاسۆی گەش و ڕون بۆ داهاتوی هەرێمی كوردستان بەدی ناكرێت".
هێزەكانی دەسەڵات نەخۆیان تیماری دەردی خۆیان دەكەن نەڕێگەش دەدەن كە تیماری دەردیان بكەین
دەشڵێت، "هێزەكانی دەسەڵات نەخۆیان تیماری دەردی خۆیان دەكەن نەڕێگەش دەدەن كە تیماری دەردیان بكەین و دەسەڵاتداران وادەزانن تا ڕۆژی دوایی لەسەر كورسی دەسەڵات دەمێننەوە، بەڵام ئەوە بەشداری چالاكانەی هاوڵاتیانە لە ڕۆژی دەنگداندا بڕیار لەمانەوەیان یان لابردنیان دەدات".