سەرۆکی هەرێم وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد

04:11 - 03/08/2023

6972جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵێکی زۆریانداوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستات لەو بۆشاییە دەستوریە دەبهێنن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و دوای ئەوەی سەردانی لایەنەکانیان کردوە و گفتوگۆیان کردوە، سەرۆکی هەرێم بڕیاریداوە کە رۆژی 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر خەندان بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی لەو وادەیەدا ئاشکراکردبو.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی رابردودا هەوڵێکی زۆریانداوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو بۆشایی دەستوریە دەبهێنن کە تێی کەوتوە و لەبەر ئەو بنەمایە لەسەر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنەکانیان کردوە و گفتوگۆیەکی زۆریان کردوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە.

نێچیرڤان بارزانی: 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی فەرمانێکی هەرێمی واژۆکردوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی (شوبات/2)ی 2024.

دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بە گفتوگۆ بوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بوە

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بە گفتوگۆ بوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بوە و هەمو لایەنەکانیش پشتیوانیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم نیشانداوە".

پێشتر خەندان بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی لەو وادەیەدا ئاشكراکردبو
پێشتر خەندان بڵاویکردبوەوە، لەماوەی رابردودا شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند لایەنێکی سیاسیی کردوە و پێشنیاری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان پێداون، کە بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، پێشنیاری کردوە رۆژی 25ی (شوبات/2)ی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت.
ئەوە سێیەمین جار کە سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات و پێشتر دو هەوڵی دیکەی شکستیهێناوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن، چۆنێتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی.

نیشانەکردن

سەرۆکایەتی هەرێم