خەندان زانیاری نوی لەبارەی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بڵاودەكاتەوە

06:33 - 29/07/2023

21672جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار كاتیە و لەچەند رۆژی داهاتودا بەهاكەی بەرامبەر بەدیناری عێراقی رو لەدابەزین دەكات.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، پێشتر یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی بۆ نالێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا لەڕوی حساباتی خیتامی شەش مانگی رابردوی هەرێم دەگەڕایەوە، جگە لەوەش لیژنەی دارایی بانگهێشتی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد بۆ توندكردنەوەی رێكارەكانی بردنەدەرەوەی دۆلار.

لەدوای ساڵی 2003ەوە ئەمساڵ عێراق لەبەرزترین ئاستی ئابوریدایە

وتیشی، "لەدوای ساڵی 2003ەوە ئەمساڵ عێراق لەبەرزترین ئاستی ئابوریدایە، لەم هەفتەیەشدا بەتەواوی رێكارەكانی یاسای بودجەی 2023 دەخرێنەبواری جێبەجێكردنەوە و بەهای دۆلاریش بەرامبەر بەدینار بەڕێژەیەكی بەرچاو رو لەنزمبونەوە دەكات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "سزادانی 14 بانكی عێراقی لەلایەن ئەمریكاوە هەرچەند سەرەتا بوە هۆكار بۆ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار، بەڵام ئامانج لێی تۆكمەكردنەوەی رێكارەكانی سپیكردنەوەی دراو و رێگریكردنە لێی، بۆیە لەئێستادا بەهای دۆلار رو لەدابەزینە".

ئەوەش لەكاتێكدایە لەچەند رۆژی رابردودا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی بەجۆرێك بەهای 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار و 750 دینار، بەڵام لەدوێنێوە روی لەدابەزین كردوە و ئێوارەی ئەمڕۆش 100 دۆلار بە 152 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەكرا.

نیشانەکردن

دينار