خەندان-
تۆڕی “NBC”ی ئەمریکی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، داواکارانی گشتی، پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکایان ئاگادارکردوەتەوە کە تۆمەتی نوێ روبەڕوی موەکیلەکەیان دەکرێتەوە.
زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسان لە دەرەوەی دادگای واشنتن کۆبونەوە و بڕیارە دەستەی دادوەری گەورە بڕیار لەسەر پرسی تۆمارکردنی تۆمەتی فەرمی دژی دۆناڵد ترەمپ بدات کە پەیوەندی بە لایەنگرانییەوە هەیە کە لە 6ی (کانونی دوەم/1)ی 2021دا هێرشیان کردوەتە سەر بینای کاپیتوڵ.
پارێزەرانی ترەمپ تۆد بلانچ و جۆن لۆرۆ لە نوسینگەی جاک سمیس ڕاوێژکاری تایبەت لەگەڵ داواکارانی گشتی کۆبونەوە
کەناڵی ئێن بی سی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، "پارێزەرانی ترەمپ تۆد بلانچ و جۆن لۆرۆ لە نوسینگەی جاک سمیس ڕاوێژکاری تایبەت لەگەڵ داواکارانی گشتی کۆبونەوە و پێیانوترا چاوەڕوانی تۆمەتی نوێ بکەن لە دژی موەکیلەکەیان کە دۆناڵد ترەمپە".
کۆنگرێس ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد بۆ ئاڕاستەکردنی کۆمەڵێک تۆمەت دژی ترەمپ
ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی بەدواداچون بو بۆ ڕوداوەکانی 6ی (کانونی دوەم/1)ی 2021 لە ماوەی زۆرینەی دیموکراسیدا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا کۆنگرێس ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد بۆ ئاڕاستەکردنی کۆمەڵێک تۆمەت دژی ترەمپ، لەوانە فیتنە، لە کاتێکدا ترەمپ پێداگری لەسەر بێتاوانی خۆی دەکات.
لە 6ی (کانونی دوەم/1)ی 2021 لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ هێرشیان کردە سەر بینای کاپیتوڵ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاستەنگیان لەبەردەم کارەکانی کۆنگرێس دروستکرد، ئاژاوەگێڕییەکانی ئەوکات بونە هۆی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرێک و پۆلیسێک.
دوای دەرکردنی خۆپیشاندەران لە باڵەخانەکە، ئەندامانی کۆنگرێس سەرکەوتنی جۆو بایدنیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پەسەند کرد و لە کاتێکی دواتریشدا دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا سەدان کەسیان دەستگیرکرد بەهۆی بەشداریکردنیان لە هێرشەکەدا.