پێچەوانەی ساڵانی دامەزراندنی بزوتنەوەکە؛ مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە گۆڕان دەکات

11:13 - 25/07/2023

3218جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئومێدەوارە بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو حزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، هاوکار و هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بن لە سەر بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

مەسرور بارزانی کە هاوکات جێگری دوەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەمڕۆ سێشەممە لە ساڵیادی دامەزراندنی گۆڕاندا، رایگەیاند، "لە چواردەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پیرۆزبایی لە گشت ئەندام و ھەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان".

ئومێدەوارم بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو حزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بەرگری لە مافە ڕەواکانی کورد بکەن
لە پەیامەکەدا دەڵێت، "ئومێدەوارم بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو حزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، هاوکار و هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بن لە سەر بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان".
لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا ناکۆکی توند لە نێوان گۆڕان و پارتیدا سەریهەڵدا 
ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا ناکۆکی توند لە نێوان گۆڕان و پارتیدا سەریهەڵدا و بزوتەوەکە رەخنەی توند لە سیستمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی پارتی دەگرت، کە جومگە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبردن.
14 ساڵ بەرلەئەمڕۆ  گۆڕان بۆ یەکەمجار بەشداری خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد
14 ساڵ بەرلەئەمڕۆ و لە 25ی (تەموز/7)ی 2009  لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمجار بەشداری خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و بە دەنگ و توانی 25 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا.