سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هۆشداری لەڕوخانی سوپای وڵاتەکەی دەدات

10:02 - 22/07/2023

14623جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێرزی هالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هۆشداریی دایە سەرکردەکانی ئیسرائیل کە ئەگەر هەموارکردنە دادوەرییەکان تێپەڕێن، زیانی ڕاستەقینە بە سوپای وڵاتەکەیان دەگات و لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەڕوخێت.

ئەیال ناڤیە یەکێک لە سەرکردەکانی سوپای ئیسرائیل کە مانگرتنی راگەیاندوە بەهۆی چەند هەموارێکی دادوەری وڵاتەکەی دەڵێت، "ئەم ئێوارەیە یەکێکە لەسەختترین ئێوارەکانی ئیسرائیل، نزیکەی 10 هەزار چەکدارمان لەپشتە و ئەمشەو بەئیسرائیل دەڵێین ئیتر بەسە".

هەمو شتێکمان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی نەگەینە ئەم ساتە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەمو شتێکمان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی نەگەینە ئەم ساتە، هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەهێشتوین، ئێمە بەڵێنماندا خزمەتی شانشین بکەین نەک پاشا".

هەموارکردنەوە و گۆڕانکاریەکانی دادوەری سەبارەت بەسوپای وڵاتەکەی رابگرن 

لەبەرامبەر هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر سوپای ئیسرائیل، هێرزی هالێڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاگادارکردۆتەوە، هەموارکردنەوە و گۆڕانکاریەکانی دادوەری سەبارەت بەسوپای وڵاتەکەی رابگرن و هۆشداریشیداوە لەوەی، لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا بەتەواوی سوپا دەڕوخێت.

خۆبەخشی بۆ خزمەتکردنی یەدەگ لە یەکە جیاوازەکان ڕادەگرن

لەلایەکی دیکەشەوە، دەرچوانی بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل، نامەیەکیان ئاڕاستەی لیوا ئاهارون حلێوە سەرۆکی بەڕێوبەرایەتیەکەیان کردوە و ڕایانگەیاندوە، خۆبەخشی بۆ خزمەتکردنی یەدەگ لە یەکە جیاوازەکان ڕادەگرن".

لە ئێستادا 904 واژۆ لەسەر بەڵگەنامەکە هەن و لەو ژمارەیە 487 کەسیان یەدەگی چالاکن و نوسیویانە، "داوا لە حکومەتی ئیسرائیل و ئەندامانی هاوپەیمانی دەکەین دەستبەجێ هەنگاوە دیکتاتۆریەکان ڕابگرن، بەداخێکی زۆرەوە سەرکردەکانمان ئاگاداردەکەینەوە کە خۆبەخشیمان بۆ خزمەتی یەدەگ ڕادەگرین تا ئاگادارییەکی دیکە".

هاوکات، ژمارەیەک یەدەگ لە یەکەی دژەتیرۆر فەرماندەکەیان ئاگادار کردەوە کە بەنیازی ئەوە نین بەردەوام بن لە خزمەتکردن لە سوپادا و لە نامەیەکدا کە بۆیان ناردوە ڕایانگەیاندوە، "تا ئەو یاسایە بەردەوام بێت و بناغە دیموکراسییەکانی دەوڵەت لە پێبخات، واز لە خۆبەخشی دەهێنین بۆ خزمەتکردن".

نیشانەکردن

ئیسرائیل