بزوتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر دەکات

08:17 - 20/07/2023

7385جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای هەولێر دژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەکات و راشیدەگەیەنێت،  ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پرسی  سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم دەبێت.

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "‎ئەمڕۆ دادگای هەولێر جارێکی دیکە و بە تۆمەتێکی دیکە، سزای چوارساڵ زیندانیکردنی بۆ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەندکراو شێروان شێروانی دەرکرد".

ئەم بڕیارە درێژکردنەوەی زنجیرەیەک ڕێکارە بۆ سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان
ئاماژەی بەوەشکردوە، "‎لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم بڕیارە درێژکردنەوەی زنجیرەیەک ڕێکارە بۆ سنوردارکردنەوەی ئازادییەکان و کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و بۆچونی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا، کە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پرسی  سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم دەبێت".
بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم کەیسە بێینە دەنگ داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر بکەین
ئەوەشیخستەڕو، "‎گۆڕان وەک هێزێکی سیاسیی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم کەیسە بێینە دەنگ داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر دژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بکەین، ئەمەش دوابەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تانەدان".

نیشانەکردن

گۆڕان