خەندان-
عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە سەرکەوتنی هەڵمەتی پاڵپشتیکردنی دیناری ڕاگەیاند، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەو کۆنتڕۆڵانەی کە یارمەتیدەر بون لە سەقامگیرکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی و ئاشکرایکرد، "هیچ کێشەیەک لە… بڕی دابینکردنی دراوی بیانی".
عەممار خەڵەف لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بانکی ناوەندی لە سەرەتای ئەمساڵەوە پاڵپشتی سەقامگیری بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری کردوە بە کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنمایی و کۆنترۆڵ کە بریتی بون لە مامەڵەی بەرفراوان بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە چونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی بو بۆئەوەی زۆرترین ژمارەی بازرگان و ئەو کەسانە بگرێتەوە کە ڕێگەیان پێدراوە دراوی بیانی بەدەستبهێنن".
خێراکردنی ڕێکارەکان هۆکارێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی متمانە بە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی
وتیشی، "خێراکردنی ڕێکارەکان هۆکارێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی متمانە بە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، لەئێستاشدا هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی دراوی بیانی نییە، بەڵکو کێشە لەگەڵ خواستدا هەیە، بەو پێیەی دابینکردنی دراوی بیانی بەردەوامە و مەبەست لێی دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکییە لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، بۆیە پێموایە کێشەیەک لەگەڵ خواستدا هەیە".
بانکی ناوەندی هەوڵدەدات چارەسەری کێشەکان بکات بۆئەوەی کارئاسانی بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی بکات
ئاماژەی بەوەشکرد، "بانکی ناوەندی هەوڵدەدات چارەسەری کێشەکان بکات بۆئەوەی کارئاسانی بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی بکات بەمەبەستی هاوردەکردنی کەلوپەل و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران بەمەبەستی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵات".
هەڵمەتی پاڵپشتیکردنی دینار سەرکەوتو بو
دەشڵێت، "هەڵمەتی پاڵپشتیکردنی دینار سەرکەوتو بو، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئێستا زۆرێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەبری دۆلار بە دینار نرخیان بۆ دانراوە، بەتایبەتی ئامێرە کارەبای و ئەلیکترۆنیەکان".
ئەوەشیخستەڕو، "چالاککردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم سێکتەرەکان و فرۆشگا بازرگانییەکان ماوەیەکی دەوێت، خواست و ئامادەیی زۆر لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و هەروەها کەرتی تایبەتەوە هەیە بۆئەو مەبەستە".
عەممار خەڵەف باسی لەوەشکرد، "ئامادەکاریی زۆر و کۆبونەوەی بەردەوام هەیە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەو پێیەی ئێستا قۆناغی ئامادەکردنی ڕێکخستنەکانە بەمەبەستی دەستپێکردنی کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەتەوە".