پەرلەمانتارێک وادەی بەرزبونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار ئاشکرادەکات

10:49 - 12/07/2023

3412جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لەدوای ئەوەی بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجەی 2023 بەتەواوی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی رو لە دابەزین دەکات.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەدوای جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە، دیناری عێراقی وردە وردە بەهاکەی بەرز دەبێتەوە، بەوەش بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت.

حکومەت دەبێت بڕێکی زۆر دۆلار بفرۆشێت بۆئەوەی موچەی فەرمانبەران بە دینار مسۆگەر بکات

وتیشی، "حکومەت دەبێت بڕێکی زۆر دۆلار بفرۆشێت بۆئەوەی موچەی فەرمانبەران بە دینار مسۆگەر بکات، بەهای دۆلاریش لە بازاڕەکان پەیوەستە بەڕێژەی خستنەڕوەوە، هەرکاتێکیش بۆ پرۆژە و موچەی فەرمانبەران دۆلار فرۆشرا، بەهاکەی لەبازاڕەکان دادەبەزێت.

دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، سەقامگیری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان دروستدەبێت

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، سەقامگیری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان دروستدەبێت، نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی کە لەبانکی ناوەندی دەفرۆشرێت و بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە 131 هەزار دینار. 

لەلایەکی دیکەشەوە، موزر کەڕوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بونی نەخشەڕێگایەک چوار بوار بۆ سنوردارکردنی بازاڕەکان بۆ فرۆشتنی دۆلار دیاریدەکات، لەدوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە و خستنەگەڕی پرۆژەکان و بنیادنانەوەی زیاتری وڵات، بەهای دینار بەرزدەبێتەوە.

نیشانەکردن

دينار