شارەزایەکی ئابوری رێگایەک بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار ئاشکرادەکات

08:51 - 12/07/2023

9300جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محەمەد ساعدی شارەزای بواری ئابوری رایدەگەیەنێت، هەندێک ڕێوشوێن هەیە کە لەڕێگەیانەوە حکومەت دەتوانێت جیاوازی نێوان بەهای دۆلار بەنرخی فەرمی و لەبازاڕەکان نەهێلێت و یەکێک لەڕێگەکانیش زیادکردنی خستنەڕو و کردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلارە.

محەمەد ساعدی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لەڕوی هەناردە و هاوردەکردن و پابەندکردنی هەمو بازرگانان بۆ چونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

ئەمە وا دەکات لە بازاڕەکان خواست لەسەر دراوی بیانی کەمتر ببێتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، خواستی بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی ئەو دۆلارەی دەدرێتە بازرگانان بە گشتی و هاوڵاتیان بە ڕێژەیەکی دیاریکراو و بەپێی پێویستی، ئەمە وا دەکات لە بازاڕەکان خواست لەسەر دراوی بیانی کەمتر ببێتەوە.

 حکومەت، ئەگەر بتوانێت بڕی ئەو دۆلارەی لە بانکی فیدڕاڵی وەریدەگرێت زیاد بکات، دەتوانێت فشاری بازاڕ بۆسەر دۆلار کەمبکاتەوە

ئەوەشیخستەڕو، حکومەت، ئەگەر بتوانێت بڕی ئەو دۆلارەی لە بانکی فیدڕاڵی وەریدەگرێت زیاد بکات، دەتوانێت فشاری بازاڕ بۆسەر دۆلار کەمبکاتەوە و بەهای دۆلاریش بەرامبەر بەدینار لەنرخی فەرمی نزیک بکاتەوە. 

دەشڵێت، "یەکێکی دیکە لەڕێگەکانی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەبازاڕەکان، زیادکردنی کردنەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوە لە هەمو ناوچە و پارێزگاکان، بەمەش کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕەکان بۆ خواست لەسەر دینار دروستدەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەڕای ئەوەی بەهای 100 دۆلار لەبانکی ناوەندی و بەشێوەیەکی فەرمی بە 131 هەزار دینارە، بەڵام بەهاکەی تا دێت لەبازاڕەکان رو لەبەرزبونەوە دەکات و ئێوارەی دوێنێش لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بو بە 148 هەزار و 750 دینار.

نیشانەکردن

دينار دۆلار