خەندان-
محەممەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەر بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دامەزراندنی پارێزگای نۆزدەهەمی کۆماری عێراق، نەخشەی سنوری ئیداری و قەزا و ناحیەکانی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەند کرد.
وەزارەتی پلاندانان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد تەمیم ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لە ژێر ڕۆشنایی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و بنەڕەتییەکانی دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (23131) کە لە دانیشتنی (11) لەرۆژی 3-13-2023 بەڕێوەچو.
دانپێدانانی پارێزگای هەڵەبجە و سەنتەری شارستانیەتی هەڵەبجە پشتڕاستکراوەتەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دانپێدانانی پارێزگای هەڵەبجە و سەنتەری شارستانیەتی هەڵەبجە پشتڕاستکراوەتەوە و ژمارەی 16ی پێدراوە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی یەکە کارگێڕییەکانی کۆماری عێراق، بەجۆرێک یەک قەزا و چوار ناحیە (سیروان، خورماڵ، بیارە، بامۆک) لەخۆدەگرێت.
فەرمانگەی گەشەپێدانی هەرێم و خۆجێی هەڵسا بە پێداچونەوە و پشکنینی نەخشە و پرۆفایل، دیاریکردنی خاوەندارێتی پارێزگاکان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، فەرمانگەی گەشەپێدانی هەرێم و خۆجێی لە وەزارەتی پلاندانان، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران، هەڵسا بە پێداچونەوە و پشکنینی نەخشە و پرۆفایل، دیاریکردنی خاوەندارێتی پارێزگاکان و سنورە ئیداریەکان و دیزاینە بنەڕەتییەکان پێش و دوای فراوانکردن، چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان لە سنورە کارگێڕییەکان کە لە ئەنجامی فراوانکردنی دیزاینەکان بۆ شارەکانی دەرەوەی یەکە کارگێڕییەکانەوە دروست دەبن.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها پارێزگای 19ەمین لەسەر ئاستی عێراق.