خەندان-
بەبڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و جوتیار عادل لە پۆستی وتەبێژ دورخرایەوە و پێشەوا هەورامانی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاریكرا.
جوتیار عادل ئەمڕۆ چوارشەمە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆكی حكومەت جەختیکردوەتەوە لە گرنگیدان بە دامەزراوەکردنی راگەیاندنی حکومی لە پێناو بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندی و متمانە لە نێوان حکومەت و هاوڵاتیان.
لەماوەی رابردودا سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بوم كە فەرمانگەكە پرۆژە و بەرنامەیەكی زۆری هەیە
وتیشی، "لەماوەی رابردودا سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بوم كە فەرمانگەكە پرۆژە و بەرنامەیەكی زۆری هەیە بۆ فراوانکردن و پێشخستن و دەرکەوتنی وەک و کەناڵێکی فەرمی حکومی کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی داهاتوی ئەم فەرمانگەیە".
مەسرور بارزانی بڕیاریدا ئەركی سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژ لەیەكتر جیابکرێنەوە
ئەوەشیخستەڕو، "مەسرور بارزانی پێشنیازیكرد و بڕیاریدا ئەركی سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژ لەیەكتر جیابکرێنەوە، بۆیە لەمەودوا من وەكو سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەردەوام دەبم، پێشەوا تاهر هەورامانیش وەک وتەبێژی فەرمی حکومەتی کوردستان دەستبەکاردەبێت.
، لەمەودوا وەكو یەك تیم بەردەوام دەبین لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و كاری وتەبێژی حكومەت
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی نوێی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەمەودوا وەكو یەك تیم بەردەوام دەبین لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و كاری وتەبێژی حكومەت، دەمانەوێت پەیوەندیەكی توندوتۆڵمان لەگەڵ راگەیاندنەكان هەبێت لەسەر بنەمای گواستنەوەی هەواڵی دروست.
وتیشی، "ئەگەر ئێمە هەر پەیامێكمان هەبێت بەبێ راگەیاندنەكان كاری ئێمە ناڕوات، ئەگەر ئێمەش زانیاریتان پێنەدەین كاری ئێوە رەنگە روبەڕوی ئاستەنگی ببێتەوە".