خەندان-
سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، لەدوای تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینی، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم ئیکرامیە وەردەگرن، لەئێستاشدا داوای 52 ملیۆن دیناریان بۆئەو مەبەستە کردوە و دەشڵێت، "ئەو پەرلەمانتارانەی لەدوای 6ی (تشرینی دوەم/11)ی 2022ەوە سوێندی یاساییان خوارد، دەبێت موچەکانیان بگێڕنەوە کە مانگانە هەشت ملیۆن و 500 هەزار دیناریان وەرگرتوە".
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، بە خەندان-ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ئیکرامیەی پەرلەمانتارانی کوردستان وەرنەگیراوە، کاتێک پرۆسەی خانەنشینی دەستپێدەکات، لەدوای خانەنشینی پەرلەمانتاران ئیکرامیەکە وەردەگرن.
لەخولی سێیەم 49 ملیۆن دینار، لەخولی چوارەم 52 ملیۆن وەکو ئیکرامیە درایە پەرلەمانتاران
وتیشی، "لەخولی سێیەم 49 ملیۆن دینار، لەخولی چوارەم 52 ملیۆن وەکو ئیکرامیە درایە پەرلەمانتاران، ئێستاش بۆ ئیکرامیەی خولی پێنجەم گفتوگۆ هەیە، پەرلەمانتاران داوای 52 ملیۆن دینار دەکەن و حکومەتی دەڵێت بەپێی یاسای چاکسازی 36 ملیۆن دینارە".
"نەسریەی مانگانەی پەرلەمان 600 ملیۆن دینارە
سەبارەت بە نەسریەی پەرلەمانی کوردستان، سەروەر عەبدولڕەحمان ئاشکرایکرد، "نەسریەی مانگانەی پەرلەمان 600 ملیۆن دینارە و بۆ مانگی (ئایار/5) وەرگیراوە، ئەو پارەیەش بۆ خەرجی و کاروبارەکان، ئیفاد و شاند، نەسریەی فراکسیۆنەکان و سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەکاردەهێندرێت".
هەریەک لە فراکسیۆنەکان بەپێی ژمارەی ئەندامەکانیان نەسریەیان بۆ دیاریکراوە
ئەوەشی رونکردەوە، "هەریەک لە فراکسیۆنەکان بەپێی ژمارەی ئەندامەکانیان نەسریەیان بۆ دیاریکراوە، بەجۆرێک هەر پەرلەمانتارێک 100 هەزار دینار وەردەگرێت، بۆ نمونە فراکسیۆنی پارتی کە 44 پەرلەمانتاری هەیە نەسریەکەی چوار ملیۆن و 400 هەزار دیناری مانگانەیە".
هیچ کەس لەوانەی سوێندی یاساییان خوارد، نەبونە پەرلەمانتار
لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لەدوای 6ی (تشرینی دوەم/11)ی 2022ەوە سوێندی یاساییان خوارد، سەروەر عەبدولڕەحمان وتی، "هیچ کەس لەوانەی سوێندی یاساییان خوارد، نەبونە پەرلەمانتار، لەبەرئەوە هیچ موچە و ئیمتیازاتێکی خانەنشینیش نایانگرێتەوە، بەپێی یاسا ئەگەر هەبێت دەبێت موچەکانیان بگێڕنەوە کە لەو ماوەیەدا وەریانگرتوە".
مانگانە کە هەریەکەیان بڕی هەشت ملیۆن و 200 هەزار دیناریان وەرگرتوە بیگەڕێننەوە
باسی لەوەشکرد، "دو ئەندامی گۆڕان، دو ئەندامی بزوتنەوەی ئیسلامی، یەک ئەندامی یەکگرتوی ئیسلامی کە دواتر یەکگرتو خۆی لێ بێبەری کرد، یەک ئەندامی نەوەی نوێ کە دوای سوێندخواردنەکەی هەمو شتێکی رەتکردەوە، هیچ ئیمتیازاتێک نایانگرێتەوە و دەبێت هەریەکەیان کە مانگانە بڕی هەشت ملیۆن و 200 هەزار دیناریان وەرگرتوە بیگەڕێننەوە".