ئەو هاوڵاتییەی باکوری کوردستان کە لە سلێمانی بریندارکرا، گیانی لەدەستدا

09:16 - 10/06/2023

10950جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ حسێن ئاراسان دوای 17 کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە دوێنێ لە روداوێکدا تەقەی لێکرا و بە سەختی برینداربو.

بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حسێن ئاراسان، ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستداوە و لەئێستادا تەرمەکەی براوەتە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی و بڕیارە سبەینێ مەراسیمێک لەلایەن هاوڕێ و کەسوکاریەوە بەڕێوەبچێت و دواتر تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ لەبەردەم بارەگای میزۆپۆتامیا تەقە لە ئەندامێکی رێکخراوەکە کراوە
پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لەبەردەم بارەگای میزۆپۆتامیا تەقە لە ئەندامێکی رێکخراوەکە بەناوی (حسێن ئاراسان) کراوە و بەهۆیەوە بەسەختی برینداربوە، دوای روداوەکەش هاوڕێکانی گەیاندویانەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکرا، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان بو
ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکرا، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان بو، ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی "حسێن ئاراسان"ـە و لە ساڵی 1978 لە ئیزمیر لە دایک بوە.
تائێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیاریەکیان لەبارەی روداوەکە و تەقەکارەکان ئاشکرا نەکردوە
دوێنێ سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکەن و ئەو شوێنەی کە تەقەکانی تیادا بوە کامێرای چاودێری لێبوە"، بەڵام تائێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیاریەکیان لەبارەی روداوەکە و تەقەکارەکان ئاشکرا نەکردوە.