هەواڵی ئەمڕۆ

وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم: داوامانكرد كۆمسیۆنی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بگرێتە ئەستۆ

06:56 - 08/06/2023

6794جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە سەردانی بەغدا دەكەن و وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمیش دەڵێت، "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژرادنی پەرلەمانی كوردستان نیشاندا، بەڵام كاری لەپێشینەی ئەوان لەئێستادا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە.

دڵشاد شەهاب وتەبیژی سەرۆكایەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری هەولێر رایگەیاند، شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبونەوە، بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

 وەكو شاندی سەرۆكایەتی هەرێم دوامانكرد كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەستۆ بگرێت

وتیشی، "ئێمە وەكو شاندی سەرۆكایەتی هەرێم دوامانكرد كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و چی تر دوانەكەوێت، ئەوانیش ئەم هەنگاوەیان بە دەستپێكی زۆر باش بۆ كارەكان وەسفكرد، ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەستبكەن بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هیچ وادەیەكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكردوە

وتەبیژی سەرۆكایەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هیچ وادەیەكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكردوە، چونكە وەك خۆیان باسیان كرد كاری لەپێشینەیان لەئێستادا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقە، دوای ئەو وادەیەك دیاریدەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

ئێمە حەزمان لێ بو كە كۆمسیۆنی خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات

دڵشاد شەهاب دەشڵێت، "ئێمە حەزمان لێ بو كە كۆمسیۆنی خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەڵام سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسۆنی هەڵبژاردنی عێراق كارێكی ئاساییە و تازەش نییە، چونكە خولی دوەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی كوردستانیش لەلایەن كۆمیسۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامدراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "زۆرهەوڵمان دا كە خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خۆمان بكەین، بەڵام  كاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە كە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دوانەخرێت، بۆئەوەی هەرێمی كوردستان لەو بۆشاییە یاساییە دەربچێت كە پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت ئەركەكانی خۆی بەڕێوەببات، هەوڵ دەدەین بە زوترین كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی".