پاپا نەشتەرگەریەکی ئەنجامدا و نامەی دەستلەکارکێشانەوە ئامادە دەکات

06:03 - 08/06/2023

3215جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤاتیکان پشتڕاستیکردەوە، دۆخی تەندروستی پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیکان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەدەی جێگیر بوە، لەگەڵ ئەوەشدا ترسی مردنی نوێ بۆتەوە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی نەشتەرگەرییەکەی پەیوەست بە پیری تەمەنیەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە کەناڵی ڤاتیکان لە ڕێگەی تێلێگرامەوە بڵاوکراوەتەوە، ماتیۆ برۆنی وتەبێژی فەرمیی ڤاتیکان رایگەیاندوە، "پاپا توانیویەتی قۆناغی مەترسی ببڕێت و ئێستا لە دۆخێکی سەقامگیر و دڵخۆشدایە".

ئەو کەسایەتییە ئاینییە بۆ ڕۆژانی داهاتو بەشێوەی گشتی دەرناکەوێت

ڕونیشیکردەوە، بەگوێرەی ئامۆژگاری پزیشکەکان، ئەو کەسایەتییە ئاینییە بۆ ڕۆژانی داهاتو بەشێوەی گشتی دەرناکەوێت.

پزیشکانی ناچاربون نەشتەرگەری گەدەی بۆ ئەنجامبدەن

دوێنێ چوارشەممە، پاپای ڤاتیکان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی گێمێلی لە شاری ڕۆما، لە ئەنجامی هەستکردن بە ئازاری گەدەی، پزیشکانی ناچاربون نەشتەرگەری گەدەی بۆ ئەنجامبدەن، تا ئێستاش ڤاتیکان هۆکاری ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکەی بەفەرمی ئاشکرانەکردوە. 

باری تەندروستی پاپا فڕانسیس ناسک بوە

تۆڕی سی ئێن ئێن، لە میانی ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردۆتەوە، باری تەندروستی پاپا فڕانسیس ناسک بوە، دوایین نەشتەرگەری کە دوێنێ ئەنجامدرا لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکان بوە کە پاپا توشی نەشتەرگەرییەکی پێشو بوە بۆ لابردنی بەشێک لە قۆڵۆن لە ساڵی 2021دا. 

بەیاننامەکەی ڤاتیکان لە دوای دوبارە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ABC دێت کە لە مانگی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، لەو ماوەیەدا پشتڕاستیکردەوە، پاپای ڤاتیکان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی ئێستای ئامادەکردوە بە پێشبینیکردنی ئەوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری کە دەبێتە هۆی بێتوانایی لە ئەنجامدانی کارەکانی.

تۆڕی سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پاپا دوای واژۆکردنی بوە بە فەرمی، ئەگەر باری تەندروستی تێکبچێت دابین دەکرێت.