خەندان-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا نایشارێتەوە، نیگەرانە لە بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، بەوپێیەی کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دروستکردوە و دەشڵێت، "پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چۆنییەتی هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان تاوتوێ کران.
باڵیۆزی ئەمریکا باسی سەردانەکەی خۆی بۆ شاری سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرد
لە تەورەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچو و تیایدا ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بو، باڵیۆزی ئەمریکا باسی سەردانەکەی خۆی بۆ شاری سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کرد، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد بۆ کۆبونەوەی لەگەڵ رێکخراوەکان و هیوای خواست باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ لەمەودوا زیاتر و لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەو رێکخراوانە بکات و زیاتر هاوکاربێت لە گەشەپێدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان.
نابێت وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها گرنگی بە رێکخراوەکانی شارە گەورەکان بدەن
هەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "نابێت وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها گرنگی بە رێکخراوەکانی شارە گەورەکان بدەن، بەڵکو پێویستە هاوکاری رێکخراوەکانی شارۆچکەکانی دیکەش بکەن تا کۆمەڵگای مەدەنی بەشێوەیەکی هاوسەنگ لە هەمو ناوچەکانی کوردستان گەشە بکات".
قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە نیگەرانە لە بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم کرا و هەردولا هاوڕابون کە پێویستە بە گفتوگۆ هەمو کێشەکان چارەسەر بکرێن، قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە نیگەرانە لە بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، بەوپێیەی کاریگەری خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دروستکردوە و پێگەی هەرێمی کوردستانیشی لە بەغدا لاواز کردوە.
پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، "پێویستە هەماهەنگی هەبێت تا بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا و بە باشترین شێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت"، داواشیکرد ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکاربن و رۆڵی خۆیان ببینین لە نزیککردنەوەی بۆچونی لایەنەکان".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست یاساکە بە جۆرێک پەسند بکرێت کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەمو عێراقدا بێت، داواشیکرد پەرلەمانتارانی عێراق لەکاتی دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە بەرژەوەندییەکانی هەمو هاوڵاتییانی عێراق لەبەرچاو بگرن.