خەندان زانیاری لەبارەی گۆڕانكاریەكانی بودجە تایبەت بە پشكی هەرێم بڵاودەكاتەوە

04:29 - 08/06/2023

18816جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا رایگەیاند، لەئەنجامی گفتوگۆی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە كوردیەكان گۆڕانكاری لە ژمارەیەك بڕگەی ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێك لە گۆڕانكاریەكانیش كردنەوەی دو هەژماری بانكیە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بەخەندان-ی راگەیاند، لەئەنجامی گفتوگۆی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتی و پارتی گۆڕانكاری لەژمارەیەك بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم كراوە، بەڵام بڕگەی 10%ی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، رەوانەكردنی داهات بۆ پارێزگایەكی هەرێم ئەگەر ناڕەزایەتی هەبو لەو پشكەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی دەنێرێت وەك خۆیان ماونەتەوە و جێگیركراون.

حكومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت بەهەمان میكانیزمی نەوتی خۆی هەناردە دەكات

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، "حكومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت بەهەمان میكانیزمی نەوتی خۆی هەناردە دەكات و لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیەوە دەیفرۆشێت، ئەگەر هەناردەكردنی نەوتیش لەحاڵەتێكدا هەناردەكردنی نەوت دەستیپێنەكردەوە، ئەو 400 هەزار بەرمیلە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێندرێت، لەبەرامبەریشدا عێراق تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەكە دەگرێتەئەستۆ".

دو هەژماری بانكی دەكرێنەوە یەكێكیان بۆ دانانی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت

سەرچاوە ئاگادارەكەی خەندان وتیشی،"دو هەژماری بانكی دەكرێنەوە یەكێكیان بۆ دانانی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بانكی ناوەندی فیدڕاڵی و هەژماری دوەمیش بۆ دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەسەڵاتی خەرجكردنی دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".

هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوتی خاو

باسی لەوەشكرد، "هەرێمی كوردستان هەماهەنگی دەكات لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتو لەكێڵگەكانی كوردستان بۆ كۆمپانیای سۆمۆ".

بڕیارە ئەمشەو كاتژمێر 8:00 دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 بەڕێوەبچێت، تا ئێستاش بەفەرمی رێكەوتنی نێوان لایەنەكان بۆ تێپەڕاندنی بودجە تێنەپەڕێندراوە.

نیشانەکردن

عێراق