تازەترین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی و تورکیا ئاشکرا دەکرێت

03:21 - 08/06/2023

20787جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە لە مانگی تەموزدا هەواڵی خۆش دەبیستن، ئەو دۆخانە بەشێوەیەک تێدەپەڕێین کە بچێتە ئاستێکی دیکە، دەشڵێت، "ئەو تەحەدایەش کە لەسەرمان کرا بە سوپاسەوە بۆ هێڵی قەتەریە و هێڵەکانی دیکە توانیمان بیگۆڕین بۆ دەرفەت و لە گەشتێکی یەکجارە لە هەفتەیەکدا بۆ حەوت رۆژەی بگۆڕین".

31%ی پیشەسازی هەمو عێراق، پشەسازیە قورسەکان  لە سلێمانی دروستدەکرێت
د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی کۆڕبەندی ئابوری لە شاری سلێمانی رایگەیاند، "31%ی پیشەسازی هەمو عێراق، پشەسازیە قورسەکانی وەکو چیمەنتۆ، شیش، بلۆک و ئەلەمنیۆم و pvc و زۆر بواری دیکە لە سلێمانی دروستدەکرێت و 60%ی پیشەسازی هەمو هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانییە".
سلێمانی یەکەمە لەڕوی کشتوکاڵی و گەشتیاریەوە، ئەمساڵ زۆرترین بڕی گەنمان بەرهەمهێناوە
ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی "یەکەمە لەڕوی کشتوکاڵی و گەشتیاریەوە، ئەمساڵ زۆرترین بڕی گەنمان بەرهەمهێناوە و هەر پشتیوانی وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە وایکردوە سلێمانی کەمترین رێژەی بێکاری و هەژاری هەبێت لە هەمو عێراقدا، ئەمە وادەکات کە بتوانین بە باشی کارەکانمان بکەین".
سلێمانی شارێکی ئارامە، ئارامە بۆ ژیان و ئازادیەکان و ئازادی رادەربڕین و ئازادی گوزارشت لە خۆکردن
د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، "سلێمانی شارێکی ئارامە، ئارامە بۆ ژیان و ئازادیەکان و ئازادی رادەربڕین و ئازادی گوزارشت لە خۆکردن و بۆ خۆپیشاندان و وەبەرهێنان و بوژاندنەوە".
فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و کە بەدڵنیاییەوە لەمانگی تەموزدا هەواڵی خۆش دەبیستن
پەیوەست بە کردنەوەی گەشتەکان بەڕوی تورکیادا، پارێزگاری سلێمانی وتی، "فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و کە بەدڵنیاییەوە لەمانگی تەموزدا هەواڵی خۆش دەبیستن، ئەو دۆخانە بەشێوەیەک تێدەپەڕێین کە بچێتە ئاستێکی دیکە و ئەو تەحەدایەش کە لەسەرمان کرا بە سوپاسەوە بۆ هێڵی قەتەریە و هێڵەکانی دیکە توانیمان بیگۆڕین بۆ دەرفەت و لە گەشتێکی یەکجارە لە هەفتەیەکدا بۆ حەوت رۆژەی بگۆڕین".