هەواڵی ئەمڕۆ

فوئاد حسێن: سێ هەزار چەکداری تیرۆریستی عێراقی لە سوریا دەستگیرکراون

02:33 - 08/06/2023

3740جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی عێراق ئیرادەی حکومەت بۆ بەڕەنگاربونەوەی تیرۆر بەهەمو شێوەو دوپاتکردەوە ، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کە سێ هەزار چەکداری تیرۆریستی عێراقی کە لە سوریا دەستگیرکراون، گەڕانەوە و زۆربەیان دادگایی کراون.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە وتاری عێراقی لە کۆبونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە ڕیازی پایتەختی سعودیە پێشکەش کرد و جەختی لەوەکردەوە، کە "حکومەتی عێراق کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری و بەرەوپێشبردنی ئابوری و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەکات".

بڕیاردراوە بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە هەمو فۆرم و دەرکەوتەکانییەوە
وەزیری دەرەوە باسی لەوەشکردوە، هەنگاوەکانیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی "بڕیاردراوە بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە هەمو فۆرم و دەرکەوتەکانییەوە، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ناوچەکان رزگارکراوەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و گەڕان بەدوای پاشماوەی باندە تیرۆریستییەکانی داعشدا".
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدواداچون بۆ ئۆپەراسیۆنە پێشوەختە و هەواڵگرییەکان دەکەن
ئەوەشی خستەڕو، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدواداچون بۆ ئۆپەراسیۆنە پێشوەختە و هەواڵگرییەکان دەکەن بۆ بەدواداچون بۆ پاشماوەی باندە تیرۆریستییەکانی داعش و شانە نوستوەکانیان، بۆ ئەوەی نەتوانن پلان و ئەنجامدانی هێرش دابنێن".
حکومەتی عێراق کارێکی زۆر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبونی ناوخۆ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت،  "حکومەتی عێراق کارێکی زۆر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبونی ناوخۆ، هەروەها 148 کەمپی ئاوارەکان پێشتر داخراون، هاوکات دو کەمپ لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار ماون، هەروەها 26 کەمپی لە سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ماون".

رونیشیکردەوە، حکومەتی عێراق پێشوازی لە درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگوزەری سندوقی سەقامگیرکردنی FFS دەکات بۆ ماوەی 2024-2026 و زۆر بەرز ئەو هەوڵە نێودەوڵەتیانە دەینرخێنێت، کە دراون، بەتایبەتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان UNDP) ، دەزگا و ڕێکخراوە پاڵپشتەکان و بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکان کە هێشتا پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر هەیە.
حکومەتی عێراق گرنگییەکی تایبەت بە کەمپی هۆڵ دەدات 
پەیوەست بە کامپی هۆڵ، فوئاد حسێن وتی، حکومەتی عێراق گرنگییەکی تایبەت بە کەمپی هۆڵ دەدات جەختیشیکردەوە لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ ئەم قەیرانە، کە تەحەدا و مەترسییەکی ئەگەری دەکات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.