خەندان-
کۆبونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو دواخرا، ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا رێککەوتنی نەکراوە و دەرفەت دراوە بەلایەنە سیاسیەکان بۆ رێککەوتن لەبارەی بودجەوە.
تاوەکو ئێستا دوایین زانیاری لەبارەی رێککەوتنەکان و رەشنوسی بودجە بە پەرلەمانتاران نەوتراوە
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "کۆبونەوەی پەرلەمان کە بڕیاربو کاتژمێر 1:00 بەڕێوەبچێت بۆ کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو دواخراوە، تاوەکو ئێستا دوایین زانیاری لەبارەی رێککەوتنەکان و رەشنوسی بودجە بە پەرلەمانتاران نەوتراوە و لیژنەی دارایی دوایین ئەپدەیتی پڕۆژەکەی نەکردوە، دەقی پڕۆژەکە نەگەیشتوەتە پەرلەمانتاران، چونکە زۆرجار کە ئەم حاڵەتانە دروستدەبێت رێککەوتنی سیاسی پێویستە دوادەخرێت بۆ کۆتا ساتەکان و بەداخەوە بەجۆرێک دەنگی لەسەر دەدرێت کە پەرلەمانتاران زانیاری پێشوەختەیان نیە".
تاوەکو ئێستا کورد بە یەکگرتویی نەچوەتە ناو پڕۆسەکەوە و هێزەکان روئیایەکی هاوبەشیان نیە
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، گومان دەکرێت کە کۆبونەوەکەی پەرلەمان کاتژمێر 8:00 دەستپێبکات، تاوەکو ئێستا کورد بە یەکگرتویی نەچوەتە ناو پڕۆسەکەوە و هێزەکان روئیایەکی هاوبەشیان نیە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، بەڵام ئێستاش کاتی ماوە کورد بچێتە گفتوگۆ لەسەر دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە هەرچەندە قورسە چونکە هەریەکە کارتی خۆی هەیە و بەجیا چوەتە دانوستانەوە.
پێشبینی دەکەم ئەو بڕگانەی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی دەستکاری کراوە گۆڕانکاری دیکە تیادا بکرێت
کاروان یاروەیس دەڵێت، "پێشبینی دەکەم ئەو بڕگانەی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی دەستکاری کراوە گۆڕانکاری دیکە تیادا بکرێت و دەقەکان بەوجۆرە تێناپەڕێن کە لیژنەی یاسایی دەنگی لەسەر داوە و پێدەچێت کارێکی هاوسەنگ بکرێت، تاوەکو ئێستا ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆتا رەشنوسیان نەبینیوە".
بەهیچ جۆرێک لە مەبدەئی پاشەکەوتی موچە پاشەکشە ناکەین
پەیوەست بەوەی ئایا وەکو فراکسیۆنی یەکێتی بە چ ئاڕاستەیەک دەنگ دەدەن؟، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "ئێمە مەبدەئی خۆمان هەیە و هیچ رێککەوتنێک ناکەین کە پاشەکشەی لێبکەین هەروەها بابەتی پاشەکەوتی موچە یەکلایی بکرێتەوە دوای ئەوەی کە حکومەتی هەرێم نەیتوانی بڕیار لە پاشەکەوتی موچە بدات کە خۆی وایکرد تۆپەکە بکەوێتە ساحەی پەرلەمانی عێراق، ئێمە بەهیچ جۆرێک لەو مەبدەئە پاشەکشە ناکەین".
ئەوەشی خستەڕو، "پێموایە ئەگەر پاشەکەوتی موچە لە بەغداش جێگیربکرێت حکومەتی هەرێم ناچێتە ژێرباری دانەوەی پاشەکەوتی موچە، چونکە نایەوێت بیکاتە دەستکەوتی سیاسی بۆ هەندێک لایەن بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم پێشتر دەیتوانی زۆر هەنگاوبنێت، یەکەم، دڵنیایی بدات بە موچەخۆرانی هەرێم کە پارەکە نەفەوتاوە و هەژمارێک بکاتەوە و وەکو رەقەم ئەو پارەیەی بخاتە سەری و بیتوانیایە بەکاریبهێنێت بۆ قەرزی حکومەت".