خهندان-
وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، زیاتر لە 30 فڕۆکەی جەنگی چین لە ماوەی شهش کاتژمێردا چونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانی دورگهکهوه، ئەوەش ئاماژهیه بۆ چڕکردنەوەی بەزاندنەکانی سوپای چین بۆ داگیرکاری لە ماوەی یەک رۆژدا.
چین، تایوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەی دەزانێت کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی چین لە ساڵی 1949ەوە سەرکەوتو نەبوە لە لکاندنی، بەڵام دوپاتی دەکاتەوە، کە رۆژێک دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەروەری چین، ئەگەر پێویست بکات بە زۆر و بهکارهێنانی هێزی سهربازی.
پەکین بهزاندنی سنوره ئاسمانییەکانی بۆ سهر دورگەکە چڕتر کردوەتەوە
لە ساڵانی رابردودا، پەکین بهزاندنی سنوره ئاسمانییەکانی بۆ سهر دورگەکە چڕتر کردوەتەوە و ئەو بهزاندنانهی کە لە ساڵی پێشودا لەو کەرتەدا ئەنجامی داوە دو هێندە زیادیکردوە.
ئهمڕۆ 37 فڕۆکەی سەربازی چین چونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوان
سون لی فانگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، ئهمڕۆ پێنجشەممە 37 فڕۆکەی سەربازی چین چونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوان، هەندێکیان ڕێڕەوی خۆیان بەرەو ڕۆژئاوای زەریای هێمن تەواوکردوە، بهمهبهستی ئهنجامدانی مەشقی سیخوڕی دورمەودا.
لە وەڵامدا فڕۆکەی دەوریە و کەشتییە دەریاییەکان و سیستەمی موشەکی وشکانی جێگیرکراون
وەزارەتەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، سوپای تایوان "بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات"، ئاماژەی بەوەکردوە، لە وەڵامدا فڕۆکەی دەوریە و کەشتییە دەریاییەکان و سیستەمی موشەکی وشکانی جێگیرکراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردوە کە ئایا هێشتا دەستدرێژیەکان بەردەوامن یان نا.
شرۆڤەکاران دەڵێن، زیادبونی هێرشە ئاسمانییەکانی چین بۆ ناوچەی بەرگری تایوان بەشێکە لە تاکتیکی فراوانتری "ناوچەی خۆڵەمێشی" کە دورگەکە لە ژێر فشاردا دەهێڵێتەوە.
ئەو دەستدرێژییە نوێیانە ڕۆژێک دوای تەواوکردنی یەکەمین مەشقی هاوبەشی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، فلیپین و ژاپۆن دێت
ئەو دەستدرێژییە نوێیانە ڕۆژێک دوای تەواوکردنی یەکەمین مەشقی هاوبەشی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، فلیپین و ژاپۆن دێت لە دەریای باشوری چین کە پەکین بە هی خۆی دەزانێت.
زیادبونی دەستدرێژی ئاسمانی و مەشقی دەریایی سوپای چین لە دەوروبەری تایوان بەزۆری هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ تایپە لەگەڵ وڵاتانی دیکە.