هەواڵی ئەمڕۆ

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: پشکی هەرێم لە بودجە گرفتێکە، ئاگامان لە رێککەوتنی هەولێر و حکومەتی فیدڕاڵ نیە

08:24 - 08/06/2023

18111جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمان عێراق بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کۆببێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنکەکەدا کێشمەکێشێکی قورس لە نێوان پەرلەمانتاراندا ڕوبدات بەو پێیەی ناکۆکییەکی زۆر لەسەر پرۆژە یاساکە هەیە، سەرکردەیەکی لە دەوڵەتی یاساش دەڵێت، پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە گرفتێکی دیکەیە چونکە ئەنجومەنی نوێنەران ئاگای لەو ڕێککەوتنە نەبوە کە لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بودجە ئەنجام دراوە.

نوێنەرانی پارێزگاکانی باشور پێیانوایە لە پرۆژە یاسای بودجەدا ستەم لە پارێزگاکانیان کراوە
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نوێنەرانی پارێزگاکانی باشوری عێراق لە پەرلەمانی عێراق پێیانوایە لە پرۆژە یاسای بودجەدا ستەم لە پارێزگاکانیان کراوە، ئەمەش یەکێک بو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە".
پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە گرفتێکی ترە 
ئاماژەی بەوەشکرد، "پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پرۆژە یاسای بودجە گرفتێکی ترە چونکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگای لەو ڕێککەوتنە نەبوە کە لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بودجە ئەنجام دراوە".
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ گفتوگۆکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن
بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام نەدراوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە گفتوگۆکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕەنگە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دوابخرێت تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە داوای کردوە ناوی بڵاونەکرێتەوە دەڵێت، "هێشتا بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانیش زانیارییان لەسەر ئاراستەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان نییە کە ئێستا بەردەوامە، هیچ کام لە کورد و شیعە زانیاری ناو کۆبونەوەکان نادرکێنن و زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، چونکە نایانەوێت زانیاری دەربچێت و کێشە دروست ببێت".
پارتی و لایەنە شیعەکان لەسەر هەندێک خاڵ ڕێککەوتون و هەندێک خاڵیش ماوە تا پێش دانیشتنەکەی ئەمڕۆ
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی، "پارتی و لایەنە شیعەکان لەسەر هەندێک خاڵ ڕێککەوتون و هەندێک خاڵیش ماوە تا پێش دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدرێت ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت".
ئەو خاڵانەی کە لێکتێگەیشتنیان لەسەر دروست بوە بریتین لەوەی داهاتی نەوتی هەرێم
ئەو خاڵانەی کە لێکتێگەیشتنیان لەسەر دروست بوە بریتین لەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت و دەسەڵاتی خەرجکردنیشی بدرێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

خاڵێکی تریش لابردنی ئەو بڕگەیەیە کە مافی داوە بە حکومەتی عێراق بتوانێت بەشە بودجەی هەرێم ببڕێت لە حاڵەتی دروستبوونی ناکۆکیدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەڵام هەندێک خاڵی تریش ماون کە ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

ئەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە مافی داوەتە هەر پارێزگایەکی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق بکات ڕاستەوخۆ شایستە داراییەکانی پێبدات ئەگەر هەستی بە نادادی کرد و گازندەی لە حکومەتی هەرێم هەبو، پارتی داوای گۆڕینی کردووە بەڵام یەکێتی لەسەری ڕازی نەبوە.
دەستکاریکردنی پرۆژە یاسای بودجە تەنها حکومەتی هەرێمی نیگەران نەکردوە
دەستکاریکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تەنها حکومەتی هەرێمی نیگەران نەکردوە، بەڵکو حکومەتی عێراقیشی نیگەران کردوە و پێیوایە دەستکاریکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لەلایەن لیژنەی داراییەوە کە حکومەت بۆی ناردوون، پێچەوانەی دەستورە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردە، هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگای فیدڕاڵی و تانەدانی کرد لە دەستکاریکردنی پرۆژە یاساکە لەلایەن لیژنی داراییەوە.