نرخی نەوت جارێكی دیكە دابەزی

08:29 - 07/06/2023

1661جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە جارێكی دیكە دابەزینی بەخۆیەوە بینی، شارەزایانی بواری وزەش، هۆكارەكەی بۆ خاوبونەوەی گەشەی ئابوری جیهانی و ترسی نەبونی خواستی زیاتر دەگەڕێننەوە، لەگەڵئەوەشدا ترسی كەمبونەوەی دابینكردنی جیهانی دوای بەڵێنەكەی سعودیە بۆ قوڵكردنەوەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان، دابەزینی نرخەكەی سنورداركردوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی وزەی جیهانی، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت 35 سەنت كە دەكاتە 0.46% دابەزیوە و گەیشتوەتە 75.94 دۆلار، هەروەها بەرمیلێك نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی ئەمریكا 29 سەنت كە دەكاتە 0.4% دابەزیوە و گەیشتوەتە 71.45 دۆلار.

هەردو جۆرەكەی نەوت بەراورد بە دوێنێ سێشەممەدا نزیكەی 1% دابەزینیان بەخۆوە بینی

هەردو جۆرەكەی نەوت بەراورد بە دوێنێ سێشەممەدا نزیكەی 1% دابەزینیان بەخۆوە بینی، ئەمەش بەشێك لە دەستكەوتەكانی ڕۆژی دوشەممەی كەمكردەوە كە بەهۆی بەڵێنێكی سەرسوڕهێنەرەوە بو لەلایەن سعودیە لە كۆتایی هەفتەدا كە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بە ڕێژەی یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەمكردەوە و رێژەی خستنەڕوی لە مانگی (تەموز/7)ی ئەمساڵ كردە نۆ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

ئێستا وەبەرهێنەران ئامادە نین هەڵوێستێكی گەورە بگرنەبەر

هەندێك لە شرۆڤەكارانی وزە پێیان وایە چاوەڕوانییە ئابورییە جیاوازەكان و پێوەرە بێهیواكەرەكان لە ئەمریكا و چین سێبەریان بەسەر هەواڵی كەمكردنەوەی بەرهەمی سعودیە داناوە، هەر بۆیەش ئێستا وەبەرهێنەران ئامادە نین هەڵوێستێكی گەورە بگرنەبەر.

كەمكردنەوەی خۆبەخشانە كە گەورەترین بڕینی نەوتی سعودیە لە ساڵانی ڕابردودا، لە سەروی ڕێككەوتنێكی فراوانترەوە دێت لەلایەن ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) و هاوپەیمانەكانی لەنێویاندا ڕوسیا بۆ سنورداركردنی دابینكردنی نەوت تا ساڵی 2024، لەكاتێكدا ئەو گروپەی بەكۆمەڵ بە ئۆپێك+ ناسراوە هەوڵدەدات دابەزینەكە جێگیربكات.