خەندان-
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە شاری جەددە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، لەو ماوەیەدا "کۆبونەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمریکا لە سعودیە و ناوچەکە" ئەنجام دەدات.
ماتیۆ میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەگەڵ سعودیە سەبارەت بە سودان لەکاتێکدا هەوڵدەدەن شەڕەکان ڕابگرن و دەستڕاگەیشتن بە مرۆیی بێ بەربەست مسۆگەر بکەن".
پابەندبونی واشنتنی بە بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ سعودیە دوپاتکردبوەوە
پێش سەردانەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندبونی واشنتنی بە بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ سعودیە دوپاتکردبوەوە و ئاماژەی بەوەدا، هاوکاری لەگەڵ سعودیە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە "یەکێک لە پایە گرنگەکانی پەیوەندییە دو قۆڵییەکانمان دەمێنێتەوە".
جیم ڕیچ داوای لە ئیدارەی بایدن کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە پتەوتر بکات
لایخۆیەوە جیم ڕیچ، کۆماریخوازی باڵا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، داوای لە ئیدارەی سەرۆک جۆو بایدن کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە وەک "هاوبەشێکی گرنگ" لەڕوی ئابوری و ئاسایشەوە بۆ واشنتن پتەوتر بکات.
80 ساڵە شانشینی سعودیە هاوبەشێکی گرنگ بوە
ڕیچ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندوە، "ماوەی 80 ساڵە شانشینی سعودیە هاوبەشێکی گرنگ بوە لە پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابورییە هاوبەشەکان"، ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی بایدن دواکەوت لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ شانشینی سعودیە".
ئەوە دوەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایە بۆ سعودیە لەم دواییانەدا، دوای ئەوەی جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە 7ی ئایار سەردانی سعودیەی کرد.