خەندان-
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو زانیاریانە رەتدەکەنەوە کە لە رێگەی سۆشیال میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە بڵاودەکرێنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت وەزیری دارایی لە رەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گۆڕانکاری کردوە لە رێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەو زانیاریانە ڕەتدەکەنەوە کە لە رێگەی سۆشیال میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە دەسوڕێنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات (وەزیری دارایی لە ڕەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2023دا گواستنەوەی کردوە)، کە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامی دەدات.
تەیف سامی زۆر گرنگی بە بەرگریکردن لە هەمو ئەو بڕگانە دەدات کە لە رەشنوسی یاسای بودجەدا هاتون
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی پێچەوانەی ئەو قسانەی دەکرێت "زۆر گرنگی بە بەرگریکردن لە هەمو ئەو بڕگانە دەدات کە لە رەشنوسی یاسای بودجەدا هاتون، وەزارەتی داراییش بەرگری لە دەقەکانی بودجە دەکات و لەگەڵ ئەوەدا نیە گۆڕانکاری لە بودجەدا بکرێت".
ئەوەی حکومەت لە پڕۆژەکەدا جێگیری کردوە بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان بوە
ئەوەش خراوەتەڕو، تەیف سامی جەختی لەوەکردوەتەوە، ئەوەی حکومەت لە پڕۆژەکەدا جێگیری کردوە بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان بوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکان بەپێی دیدگای حکومەت لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا، هەر گۆڕانکارییەک دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو کارانەی خەرجکردن کە لەلایەن حکومەتەوە داڕێژراون بۆ دابینکردنی هەمو پێداویستییەکان.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەی بودجە بدات
پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری کۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی خشتەکەش، کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 دەدرێت کە لەلایەن لیژنەی دارایی، لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی و خزمەتی فیدڕاڵیەوە راپۆرتی ئامادەکراوە و لە 67 ماددە پێکدێت.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەداوە کە لە ماددەکانی 13 و 14ی ڕەشنوسی یاسای بودجە کردویەتی، کە پەیوەندییان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە بودجەی عێراقدا.
دەنگدانەکە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی توڕەکرد، دیارترینیان پارتی دیموکراتی کوردستان بو، کە پێیانوابو ئەو هەموارکردنانە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرە.